رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی چوار سەربازی دیکەی لە ئەنجامی هێرشێکی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا راگەیێندراوێکی دیکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سێ لە چوار سەربازە بریندارەکانیش گیانیان لەدەستداوە و بەمەش ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی گەیشتە شەش سەرباز.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، وێنە و ناسنامەی سەربازە کوژراوەکانی بڵاوکردەوە کە بەمشێوەیەیە: رەمەزان گونای، محەممەد سەرینکان، ئیسماعیل یازیجی، چاغاتای ئەرەنئۆغڵو، یاسین کاراجا و ئێمرە تاشکین؛ هەروەها سەربازێکیش بریندارە و لە چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی سەربازی لە ئەنقەرە چارەسەر وەردەگرێت.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، کوژران و برینداربوونی سەربازەکانی سوپای وڵاتەکەی لە ئەنجامی هێرشی گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە خاڵی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان بووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، دوای هێرشەکەی گەریلاکانی پەکەکە، دەستبەجێ ئەو شوێنەیان بۆردوومان کردووە کە گەریلاکان لێیەوە هێرشەکەیان ئەنجامداوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، چوار گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2023، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە، کوژرانی سەربازێکی سوپای تورکیا و برینداربوونی سەربازێکی دیکەی لە ناوچەی زاپ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 48 کاژێردا هەشت جار هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی تورکیا.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 841 گەریلا و کوژرانی 121 سەربازی سوپای وڵاتەکەی لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنە راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 63 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 401 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ