ئەردۆغان: پێویستە وڵاتانی ئیسلامی یەک هەڵوێستمان لەدژی ئیسرائیل هەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا مکوڕی وڵاتەکەی لە هەڵوێستی دژی ئیسرائیل دووپاتکردەوە و بە پێویستی زانی وڵاتانی ئیسلامی ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و یەکدەست بن لە هەڵوێستی دژی ئیسرائیل.
لە چوارەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێشکرد.
ئەردۆغان باسی لەم قۆناخە کرد کە جیهان پێیدا تێدەپەڕێت و رایگەیاند، "بە قۆناخێکدا تێدەپەڕین کە نزیکەی تەواوی دامەزراوە، ئەندام و خانەکانی مرۆڤایەتیی خوێنیان لێدەتکێت. ئەوانەی سوودمەندن لە سیستمی نێودەوڵەتی، لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان، ناوچە جیاوازەکان و بەتایبەتیش ناوچە ئیسلامییەکان راپێچی گێژاوی ناسەقامگیری دەکەن".
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل گوتی "میکانیزمەکانی حوکمڕانی جیهان، رێکخراو و میدیا نێودەوڵەتییەکان چاوپۆشی لەو تاوانە نامرۆڤانەیە دەکەن کە لە فەلەستین، لوبنان و زۆر ناوچەی دیکە دەکرێن. بەگشتی کەمپەینێکی پەردەپۆشکردن لەبەرژەوەندیی ئیسرائیل جێبەجێ دەکرێت، بۆ ئەوەی دڕندەییەکان نەبنە رۆژەڤ".
سەبارەت بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر غەززە و شوێنەکانی دیکەی فەڵەستین، ئەردۆغان رایگەیاند: "ئەو وڵاتانەی بانگەشەی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن، لەبری کارکردن بۆ وەستاندنی کۆمەڵکوژی، بە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل هانی ستەم دەدەن."
هاوکات سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، "خوێنی ئەو کەسانەی لە فەلەستین شەهید و بریندارکران، تەنیا بەسەر بکوژەکانیاندا نەڕژاوە، بەڵکو بەسەر ئەوانەشدا رژاوە کە نەیانتوانی رێگری بکەن."
ئەردۆغان جەختی لەسەر بەردەوامی هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی پێگەی قودس کردەوە و گوتی "دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی قودس بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی بخەینە ژێر چەترێکی نێودەوڵەتیی ئاسایشەوە".
هەروەها باسی لە گرنگیی یەکهەڵوێستیی جیهانی ئیسلامیی کرد و رایگەیاند، "پێویستە وەک جیهانی ئیسلامی بۆچوونە جیاوازەکان وەلابنێین و هەڵوێستێکی هاوبەش وەربگرین و وەکو یەک جەستە کاربکەین".
هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو هەڕەشانەی لەسەر ئاستی جیهان لەسەر خێزان هەیە و رایگەیاند "چەمکی خێزان، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، دابونەریت، بەها و پیرۆزییەکانمان لەسەر ئاستی جیهان لەژێر هێرشێکی فرەلایەندایە".
لەپێناوی جێهێشتنی جیهانێکی ئارامتر و دادپەروەرانەتر بۆ منداڵ و گەنجان، ئەردۆغان بە پێویستی زانی هەموو بەیەکەوە بەرپرسیاریێتی لە ئەستۆ بگرن.
لە ماوەی رابردوودا زۆر جار لە ئەورووپا و ئەمریکا، هاووڵاتیانی تورکیا رووبەڕووی گرژی بوونەتەوە، بەتایبەتی لە بابەتی ئیسرائیل و ئیسلامدا بەرپرسانی ئەنقەرە باس لە بوونی هەڵمەتێکی بەهێزی دژەئیسلامی دەکەن.
ئەردۆغان لەمبارەیەوە گوتی "سەرەڕای دەیان هەڵمەتی دژ بە کەسایەتیمان و هەموو ئەو گوشارانەی لۆبیی زایۆنی و پشتیوانانی ئیسرائیل ئەنجامیاندا، هەرگیز هەڵوێستمان تێکنەدا".
سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگەی لاهای بۆ دەستگیرکردنی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یۆواڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی وڵاتەکە، ئەردۆغان رایگەیاند "دەمەوێت باس لەوە بکەم پشتیوانی لە بڕیاری دادگەی لاهای دەکەین کە دەریکردووە بۆ دەستبەسەرکردنی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نەتەنیاهوو و وەزیری بەرگریی پێشوو گالانت. ئەو بڕیارە بوێرانەیەی دراوە جێبەجێکردنی لەلایەن تەواوی وڵاتانی لایەنی گرێبەستەکە بەگرنگ دەزانین، لەڕووی نوێکردنەوەی متمانە بە سیستمی نێودەوڵەتی".
پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و تەلئەڤیڤ
لە ساڵی 2008ـەوە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و تەلئەڤیڤ گرژییان تێکەوت، ئەوەش بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە.
ساڵی 2010 کاتێک سەربازانی ئیسرائیل هەڵیانکوتایە سەر کەشتییەکی تورکیا کە بەنیازبوو گەمارۆی سەر غەززە بشکێنێت و بە گوتەی بەرپرسانی تورکیا، هاوکاری بگەیێنێتە فەڵەستینییەکان، پەیوەندییەکانیان خراپتر بوون.
ساڵی 2016 بۆ 2018، نیمچە ئاساییبوونەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئیسرائیل روویدا، بەڵام دوای کوژرانی زیاتر لە 200 خۆپێشاندەری فەڵەستینی، جارێکی دیکە گرژی دروستبوو.
تەمموزی 2021 دوای دەستبەکاربوونی ئیسحاق هێرزۆگ وەکو سەرۆکی نوێی ئیسرائیل، جارێکی دیکە پرۆسەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل دەستیپێکرد.
سەرەڕای ناکۆکییە سیاسییەکانی ئیسرائیل و تورکیا، لە بواری بازرگانیدا پەیوەندییەکان هەر بەهێز بوون و تورکیاش وڵاتێکی لەبار بووە بۆ گەشتیارانی ئیسرائیلی. ئەمە لەکاتێکدایە ئێستا بەرپرسانی تورکیا ئەم پەیوەندییانە رەتدەکەنەوە.
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، تورکیا چەندینجار ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە غەززە تۆمەتبار کردووە.
لە ئایاری ئەمساڵدا تورکیا وەکو ناڕەزایەتی هەموو جۆرە بازرگانییەکی لەگەڵ ئیسرائیل راگرت، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل هاوردەکردنی هەموو کاڵایەکی لە تورکیاوە قەدەخە کرد. بەڵام بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا ئەمە رەتدەکەنەوە و دەڵێن بازرگانیی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە.