وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان: چاوەڕێین بەمنزیکانە بۆریی نەوت کارابکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هەولێر و بەغدا لە رێککەوتن لەبارەی نەوت پێشکەوتنیان تۆمارکردووە و چاوەڕێ دەکرێت بەمزووانە هێڵی بۆریی نێوانیان چالاک بکرێتەوە.
رۆژی شەممە (23-11-2023)، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ رۆژنامەڤانان، وەڵامی چەند پرسیارێکی تایبەت بە رۆژەڤی وڵاتەکەی و ناوچەکەی دایەوە.
فیدان سەبارەت بە ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا لە بابەتی نەوت گوتی "لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەولێر، بەتایبەتی لە بابەتەکانی بۆریی نەوت و دابەشکردنی داهاتی نەوتدا وا دەردەکەوێت بە ئەگەرێکی زۆرەوە رێککەوتبن. لە راستیدا بەگوێرەی پرەنسیپ هەولێر و بەغدا رێککەوتبوون. بەڵام بەغدا دەبوو بە گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە رێکبکەوێت کە پێشتر لەگەڵ هەولێر گرێبەستیان واژۆکردبوو. ئەوانەش بە گشتی کۆمپانیا رۆژئاواییەکانن."
فیدان هەروەها گوتی، "لەو رێککەوتنەی لەگەڵ هەولێر کردوویانە، بابەتی بژاردنی بڕەپارەیەک بۆ هەر بەرمیلێک نەوت جێی باسە. جا پێویستە دووبارە ئەمە لەگەڵ بەغدا بکەن. ئەمەی تێیگەیشتووم لەم بابەتەدا مەودایەکی باشیان بڕیوە. بەڕاستی چاوەڕێ دەکەین لەم نزیکانەدا بۆڕیی نەوت کارا بکرێت. ئەمە بەگوێرەی ئەوەی لایەنی عێراقی بە ئێمەیان گوتووە. کردنەوەی بۆریی نەوت بێگومان جموجۆڵێک لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندیی ئەوانیش دروست دەکات."
پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان، یەکێکی دیکە بوو لەو بابەتانەی هاکان فیدان پشتیوانیی خۆی بۆ نیشان دا و گوتی "پەیوەندییەکانی عێراق و ئابووری و بابەتەکانی دیکەش پەیوەندیدارن بە دۆخی ئاسایش. بۆ ئەوەی ئەو بابەتانە بە شێوەیەکی ئاسانتر چارەسەر بکرێن، هەروەها لە عێراقدا ئابووری و گەشەپێدان زیاتر بەرەوپێشتر بچێت، پێویستە ئەوێ لە رێکخراوە تیرۆرستییەکان پاک بکرێتەوە."
فیدان لەبارەی کەرکووک: دژی پارێزگارێکین بکەوێتە ژێر کاریگەریی پەکەکە
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها باسی لەوە کرد، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی کەرکووک دەکەن. "ئێمە بە هەموو دامەزراوەکانمانەوە پشتیوانی تورکمانەکان دەکەین و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەین. بێگومان لەدژی گۆڕینی ژمارەی دانیشتووان و دیمۆگرافیاین. بەردەوام پەیوەندیی جیدیمان لەگەڵ بەرەی تورکمانیدا هەیە. بەر لە سەرژمێری هەروەک دەزانن پرسی پارێزگار هەبوو."
فیدان دەڵێت "ئەگەرچی ئێستا بابەتەکە چووەتە دادگە، بەداخەوە پرۆسەکە لە ئەنجامی هاوئاهەنگیی سلێمانی و سەرۆکی پێشووی دابڕاو لە بەرەی تورکمانی، بەرەو شتێکی دیار دەچێت. بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ئەوە بە خاڵێک دەگەیێنین. واتا ئێمە نامانەوێت پارێزگایەک هەبێ کە لەژێر کاریگەریی پەکەکە دا بێت. لەوێدا پرۆسەیەکی دەستاودەستکردن هەیە. بابەتی پارێزگار بە نۆرە لەنێوان کورد، عەرەب و تورکمان هەیە. لە بابەتی ئەوەی کێ لە کوردان پۆستەکە وەردەگرێت، کەمێک کێشە لەنێوان خۆیاندا دروست بوو."
ئەم گوتەیەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەکاتێکدایە، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی خەڵکی کەرکووک بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێری 20، 21 و 22ـی ئەم مانگە گەڕانەوە زێدی خۆیان.
ئەو هاونیشتمانییانە هەموویان دۆکیومێنتیان هەیە کە خەڵکی کەرکووکن و لە چەندین دەیەی رابردوودا بەهۆی سیاسەتی بەعەرەبکردن و هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر و رووداوی دیکە، کەرکووکیان بەجێهێشتبوو.