دەم پارتی: دەسەڵات لە رێگەی دادگەوە رەوایی بە سیاسەتی خۆسەپێنیی قەییووم دەدات
رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلوور دەڵێت، دەسەڵات لە رێگەی دادگەوە رەوایی بە سیاسەتی خۆسەپێنیی قەییووم دەدات.
دەم پارتی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی لەبارەی دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی پلوور لە پارێزگای دێرسم بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "دەسەڵات هەنگاو بە هەنگاو هەوڵ دەدات ویستی تەواوی گەل زەوت بکات. دەسەڵات لە رێگەی دادگەوە رەوایی بە سیاسەتی خۆسەپێنیی قەییووم دەدات. دوایین هەنگاویشی دەستدرێژیکردنە سەر ویستی خەڵکی دێرسم و شارۆچکەی پلوور بوو، ئەو مافە رەوایەی گەل بەو دوو شارەوانییەی دابوو زەوتی کرد."
دەم پارتی دەڵێت، "ئەگەر [دەسەڵات] پێی وابێت، بە سووربوون بە درێژەدان بە کودەتای دانانی قەییووم دەتوانێت پارتەکەمان لە ئامانجە سیاسییەکان دووربخاتەوە، لە پاڵپشتیکردن لە مافە سیاسییە رەواکانمان پاشگەزمان بکاتەوە و ویستی خۆی بەسەرماندا بسەپێنێت، زۆر هەڵەیە."
کاژێر 07:15 خولەکی رۆژی هەینی 22ی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بڕیاری دانانی قەییوومی بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلوور بڵاوکردەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە 31ـی ئاداری 2024 کرا، جەودەت کۆناک، بەربژێری دەم پارتی رێژەی 40.22%ی دەنگەکانی شارەوانیی دێرسمی بردەوە و بە سەرۆکی شارەوانیی پارێزگاکە هەڵبژێردرا.
شارەوانیی شارۆچکەی پلوور لە پارێزگای دێرسم لەلایەن جەهەپەوە بەڕێوەدەبرا و مستەفا ساریگوڵ، بەربژێری ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا رێژەی 33.63%ی دەنگەکانی بردەوە و بە سەرۆکی شارەوانیی هەڵبژێردرا.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، 30ی تشرینی یەکەمی 2024 قەییووم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی ئەسەنیورتی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ دانرا، ئەحمەد ئۆزەر لەکارلادرا و بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کەجەکە/پەکەکە دەستبەسەر کرا.
رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2024 بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییوم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیهـ و خێلفەتی رووها لە باکووری کوردستان دانرا.