دوو تورک کە بۆ شەڕ دەچوونە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژران

رووداو دیجیتاڵ
 
دوو هاووڵاتیی تورکیا کە دەگوترێت ویستوویانە بڕۆنە غەززە بۆ بەشداریکردن لە شەڕی دژی ئیسرائیل، بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل لەسەر سنووری لوبنان کوژران.
 
رووداوەکە دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 21-11-2023، لە نزیک پارێزگای شیتییەی باشووری لوبنان روویدا. فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکیان کردووە و لە ئاکامدا حەمید حەراز کە هاوکاری فەرماندەی لیواکانی قەسامە، کراوەتە ئامانج. میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە کە دەرکەوتووە حەراز و دوو کەسی دیکە کە هاووڵاتیی تورکیان لە ئۆتۆمبیلەکەدا بوون و کوژراون.
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، سەیفوڵڵا ئۆزتورک و یەعقوب ئەرداڵ بۆ بەشداریکردنی لە شەڕی دژی ئیسرائیل پلانی ئەوەیان هەبووە خۆیان بگەیەننە غەززە. ئەمە لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا هیچ یەک لەو لایەنانە بە فەرمی قسەیان لەسەر ئەو دوو هاووڵاتییەی تورکیا نەکردووە.
 
رۆژنامەڤانێک بە ناوی نەوزاد ئۆزتورک هەواڵەکەی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، یەعقوب ئەرداڵ خەڵکی سەمسوورە و سەیفوڵا ئۆزتورکیش خەڵکی ئەدیرنەیە.  
 
لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشیکردە سەر ناوچەکانی ئیسرائیل و بە گوتەی تەندروستیی ئەو وڵاتە، جگە لە کوژرانی 1200 کەس، هاوکات دەوروبەری 240 کەسی دیکەی بە دیل گرت. لە بەرامبەردا ئیسرائیل هێرشیکردە سەر کەرتی غەززە کە بەگوتەی تەندروستیی کەرتەکە زیاتر لە 13 هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە رێککەوتن، کە حەماس 50 بارمتە ئازاد بکات، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل 150 زیندانی فەلەستینی ئازاد بکات، هەروەها رێگەش بە هاوکاری مرۆیی بدات بۆ نێو کەرتی غەززە.
 
هەرچەندە بە فەرمی کاتی ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەستی شەڕ رانەگەیێندراوە، بەڵام سەرچاوەیەکی میسری بە میدیای بەریتانی گوتووە، نێوەندگیرەکان کە میسر و قەتەرن، چاوەڕێ دەکەن رۆژی پێنجشەممە 23-11-2023، رێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.