لە ئەنقەرە بەساڵاچوویەک پێنج ئەندامی خێزانێکی دراوسێی دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنقەرە هاووڵاتییەکی تەمەن 72 ساڵ، کە پێشتر چەند جارێک ناڕەزایی بەرامبەر دراوسێکەی سەروو نهۆمەکەی خۆی پێشانداوە و گوتوویەتی دەنگەدەنگ زۆر دەکەن، دەستی داوەتە تفەنگ و پێنج کەسی لەو خێزانە کوشتووە، کە دووانیان منداڵن.
رووداوەکە درەنگی شەوی رابردوو لە شارۆچکەی سینجانی سەر بە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا روویدا. هاووڵاتییەکی تەمەن 72 ساڵ بە ناوی (ت، ئـ) پێشتر چەند جارێک دەمەقاڵێی لەگەڵ دراوسێکەی نهۆمی سەرەوەی ماڵەکەی کردووە و گلەیی ئەوەی لێکردوون کە دەنگەدەنگ دەکەن و بێزاری دەکەن.
(ت، ئـ) کە بە تەنیا دەژی، شەوی رابردوو بە هەمان ناڕەزاییەوە دەچێتە سەرەوە و جارێکی دیکە دەمەقاڵێ دروستدەبێت. دەمەقاڵێی نێوان ئەو دوو دراوسێیە زیاتر دەبێت و (ت، ئـ) تفەنگەکەی هەڵدەگرێت و دەستڕێژی لە دراوسێکەیان دەکات و پێنج کەسیان دەکوژێت کە دووانیان منداڵن.
بەگوێرەی زانیاریی تیمەکانی پۆلیس، لە هەمان خێزان داپیرەیەکی تەمەن 71 ساڵ، باوکێکی تەمەن 41 ساڵ، دایکێکی تەمەن 40 ساڵ و دوو منداڵی 11 و 13 ساڵان لەلایەن ئەو پیاوە تەمەن 72 ساڵەوە کوژراون.
دوای رووداوەکە پۆلیس گەیشتە گەڕەکەکە و بکوژی بە تفەنگەکەیەوە دەستگیرکرد.
بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای ئوموت، ساڵی رابردوو، لە سێ هەزار و 984 شەڕی باکووری کوردستان و تورکیادا چەک بەکارهێندراوە. لە ئاکامدا دوو هەزار و 278 کەس کوژراون و چوار هەزار و 231 کەسی دیکەش بریندار بوون. زۆربەی تاوانباران بۆچوونیان وایە، لەڕێی چەکەوە پارێزگاری لەخۆیان دەکەن. بە گشتی لە 85%ی شەڕەکاندا چەک بەکارهاتووە.
ئایهان ئاکجان، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی دەزگای ئوموت دەڵێت، "بەرامبەر هەر چەکێکی بە مۆڵەت، نۆ چەکی بێ مۆڵەت هەن. بە گشتی لە وڵاتەکەماندا چوار ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو هەن. لە بەرامبەردا نۆ هێندە چەکی بێ مۆڵەت هەن کە مەزەندە دەکرێت ژمارەیان 36 ملیۆن چەک بێت. ئەمە بەو مانایە دێت لە هەر سێ ماڵ یەکێکیان چەکی لێیە".