سەرۆکی جەهەپە گەڕایەوە ئەنقەرە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی جەهەپە بەهۆی هێرشەکەی سەر کۆمپانیای توساش، کۆتایی بە گەشتەکەی ئامەد و چوار پارێزگاکەی باکووری کوردستان دەهێنێت و دەگەڕێتەوە ئەنقەرە. 
 
ئەمشەو (23ـی تشرینی یەکەمی 2024) ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە کۆتایی بە گەشتە پێنج رۆژییەکەی بۆ ئامەد، ئێلیهـ، مێردین، جۆلەمێرگ و وان هێنا کە ئەمڕۆ یەکەم رۆژی سەردانەکەی بوو و تەواوی رۆژ لە ئامەد مایەوە. بەڵام بەهۆی رووداوی هێرشکردنە سەر کۆمپانیای توساش لە ئەنقەرە، کە بەهۆیەوە پێنج کەس کوژران و 22 کەس برینداربوون، گەشتەکەی بۆ کاتێکی نادیار هەڵوەشاندەوە. 
 
ئۆزگور ئۆزەل، سوپاسی محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی ئامەد کرد، چونکە هۆڵی کۆبوونەوەکانی نووسینگەی تایبەتی خۆی تەرخانکرد بۆ کۆبوونەوەی بەپەلەی ئۆزگور ئۆزەل لەگەڵ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە لە ئەنقەرە، کە بە ئۆنلایین بەشداریکرد. 
 
دوای کۆبوونەوەکە، ئۆزگور ئۆزەل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند کۆتایی بە گەشتە پێنج رۆژییەکەی دەهێنێت و دەگەڕێتەوە ئەنقەرە بۆ درێژەدان بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی ناوچەکە، هەروەها بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ئەم هێرشە. 
 
باسی لەوەش کرد، ئەمڕۆ لەگەڵ چین و توێژی جیاجیا و بەشێکی زۆری هاونیشتمانییانی ئامەد کۆبووەوە و هەموویان داوای یەکسانی هاونیشتمانیبوونیان کردووە و پێیان راگەیاندووە جگە لەم داواکارییە هیچی دیکەیان پێویست نەبووە. لەسەر ئەم بنەمایە ئەرکی سەرشانی دەوڵەتە بەچاوی یەکسان مامەڵە لەگەڵ سەرجەم پێکهاتە نەتەوەییەکان بکات بۆ ئەوەی هەمووان هەست بە بەرپرسیاریێتی بەرامبەر نیشتمانیان بکەن. 
 
جەختی لەوەش کردەوە ''ئامانج لەم جۆرە کردەوە تیرۆریستیانە، تێکدانی برایەتیی نێوان گەلانە، بەڵام نابێ کاریگەری بخاتە سەر برایەتی و تەبایی نێوان هاونیشتمانیان.''
 
سەرکۆنەی لێدوانی بەشێک لە سیاسەتڤانان و راگەیاندنەکانیشی کرد بەوەی قسەکانیان شێواندووە و پروپاگەندەی ئەوەیان کردووە گوایە ئۆزگور ئۆزەل بەڵێنی دەوڵەتی بە کورد داوە و گوتی: "من داوام لێکردوون لەگەڵ تورک پێکەوە خاوەندارێتی دەوڵەت بکەن. خاوەنداری دەوڵەتێک بکەن کە لە سایەیدا 86 ملیۆن هاووڵاتیی هەست بە یەکسانی بکات. بەڵێنی دیموکراسی و یەکسانیم داوە."  
 
کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 23-10-2024، هێرشکرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە و تەقینەوەیەک لە ناوچەکە روویدا. پێش ئەوەی تەقینەوەکە رووبدات، شەڕە تەقە لەنێوان چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا روویدا. 
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا دوایین زانیاری لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆمپانیای توساش بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان بۆ پێنج کەس و بریندارانیش بۆ 22 کەس بەرزبووەوە. باسی لەوەشکرد 19 بریندار هێشتا لە نەخۆشخانەکاندا خەوێندراون و چارەسەر وەردەگرن. 
 
عەلی یەرلیکایا، ئەوەشی خستەڕوو کە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزە تایبەتەکانی جەندرمە، ئاسایش و کۆماندۆ، توانییان هەردوو هێرشکارەکە بکوژن، کە یەکێکیان ژن و دووەمیان پیاو بوو. جەختی لەوەشکردەوە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا تەواوی بارمتەکان رزگارکران، بەڵام بەشێکیان برینداربوون. 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا روونیکردەوە، حەوت لە بریندارەکان لە هێزە ئەمنییەکان بوون. 
 
توساش، کۆمپانیایەکی پشکدارە و سەر بە سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە؛ سیستمی بۆشایی ئاسمان، مانگی دەستکرد، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر بەرهەمدەهێنێت.