لە تورکیا دەست بەسەر چوار تۆن مادەی هۆشبەردا گیرا

رووداو دیجیتاڵ 

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات و فراوانی هێزە ئەمنییەکاندا، دەست بەسەر نزیکەی چوار تۆن مادەی هۆشبەردا گیراوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2024، عەلی یەرلیکایا رایگەیاند، بەهاوئاهەنگیی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، هێزەکانی جەندرمە و ئاسایش، ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتیان لە 32 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان لە دژی بازرگانانی مادەی هۆشبەردا کرد.
 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاشکرای کرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر سێ تۆن و 972 کیلۆگرام مادەی جۆراوجۆری هۆشبەر و 15 ملیۆن و 825 هەزار و 619 دانە بنەڕەگی خەشخاش (بۆ دروستکردنی مادەی هۆشبەر بەکاردێت) و 188 کگم حەبی بێهۆشکەری کریستال- دا گیراوە. 
 
هەروەها لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 125 کەس دەستگیرکراون کە بازرگانییان بە مادەی هۆشبەرەکان کردووە. بە بڕیاری دادوەر 63 کەسیان بە بەندکردن سزادران و سێ کەسیان بە مەرجی دادی ئازادکران و لێکۆڵینەوە لەگەڵ 59 دەستگیرکراوەکەی دیکەش بەردەوامە. 
 
یەرلیکایا باسی لەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداری دوو هەزار و 188 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کرا کە بەسەر 834 تیم دابەشکرابوون. هەروەها 10 هێلیکۆپتەر و 49 سەگی راهێنراو لە دۆزینەوەی مادەی هۆشبەردا بەشداربوون.   
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەشڵێت، جگە لە مادە هۆشبەرەکە، ژمارەیەک چەکی بێمۆڵەتیش دەستیان بەسەرداگیراوە.