لە هاتای پێنج کەس لەکاتی مەلەکردندا خنکان

رووداو دیجیتاڵ 

پێنج کەس لە پارێزگای هاتای تورکیادا لە بەنداوی شارۆچکەی رەیحانڵی خنکان و تەرمەکانیان هێندرانە دەرەوە.

ئەو پێنج کەسە کە تاوەکو ئێستا ناوەکانیان دیار نییە، هاوڕێی یەکدی بوون و رۆژی یەکشەممە 22-9-2024 بۆ مەلەکردن چوونەتە نێو بەنداوی شارۆچکەی رەیحانڵی لە پارێزگای هاتای.
 
بە گوێرەی گوتەی شایەتحاڵان، ئەو پێنج کەسە دوای ماوەیەک مەلەکردن، پەلەقاژەیان کردووە و دیارنەماون. خەڵک هەواڵیان بە پۆلیس و تیمی فریاگوزاری داوە.
 
تیمی فریاگوزاریی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە گەڕان بەدوای ئەو پێنج کەسە کردووە.
 
دوای نزیکەی دوو کاژێر، تەرمی هەر پێنج هاوڕێکە دەرهێندران. لیکۆڵینەوەی سەرەتایی لەلایەن تیمەکان بۆ پێنج تەرمەکە کرا و دەرکەوت کە هەر پێنجیان هاوڵاتیی سووریان.
 
تەرمەکان بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر نێردرانە دادپزیشکیی هاتای.
 
بە گوێرەی ئامارێک کە ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا رۆژی 1-9-2024 بڵاویکردووەتەوە، لە مانگەکانی حوزەیران، تەممووز و ئابی ئەم ساڵدا 216 کەس لە ئاودا خنکاون.