تورکیا رەتیدەکاتەوە هێزەکانیان لە عێراق بکشێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە، وەکو بەشێک لە رێککەوتنی ئەمنییان لەگەڵ عێراق، هێزەکانیان لە عێراق ناکشێننەوە و بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان.
ئەو راگەیێندراوەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دوای ئەوە هات کە چوارشەممە، 21ی ئابی 2024، رۆژنامەی تی24ی تورکی کە بە نزیک لە ئۆپۆزیسیۆن دادەندرێت،بڵاویکردەوە، بەگوێرەی ئەو لێکتێگەیشتنەی رۆژی 15ی ئاب لەنێوان وەزیرانی بەرگریی عێراق و تورکیا لە ئەنقەرە واژۆکرا، تورکیا رازیبووە بە کشاندنەوەی سەربازەکانیان لە عێراق.
رۆژنامەکە بۆ بڵاوکردنەوەی دەقی رێککەوتنەکە، پشتی بە هەواڵێکی رووداو بەستبوو.
سەنتەری دژە زانیاریی ناڕاست، کە بە نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی تورکیا دادەندرێت، رەتیکردەوە کە هەواڵەکەی تی24 راست بێت. ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنی ئەمنی کە هاوئاهەنگیی ئەمنی و سەربازی نێوان هەردوولای تێدا باسکراوە، هیچ شتێکی سەبارەت بە کشاندنەوەی سەربازانیان لە عێراق تێدا نییە.
ئەو هەواڵەی رۆژنامەی تی24ی تورکی بڵاویکردبووەوە پشتی بە دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان عێراق و تورکیا بەستبوو. مادەی یەکەمی یاداشتنامەکە تایبەت بوو بە "رێزگرتن لە سەروەرییەکانی یەکدی و کۆتاییهێنان بە بوونی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لەسەر خاکی عێراق و راگرتنی سەرجەم پێشێلکارییەکان، بەهەموو جۆرەکانییەوە."
نزیکەی 10 ساڵ دەبێت ژمارەیەک سەربازی تورکیا لە سەربازگەی باشیکن کە کەوتووەتە باکووری رۆژهەڵاتی موسڵ. بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکە، عێراق و تورکیا ناوەندێکی هاوئاهەنگی ئەمنی لە بەغدا و ناوەندێکی راهێنان و هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان هەردوولا لە سەربازگەی باشیک دەبێت.
بەگوێرەی سەنتەری دژە زانیاریی ناڕاست، "ئەو ناوەندانە هاوکاردەبن بۆ نەهێشتنی مەترسی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەسەر سەربەخۆیی، ئەمن و ئاسایشی هەردوو وڵات." دەشڵێت، "شەڕی تورکیا دژی تیرۆریزم لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانمان بەردەوام دەبێت."
شاندی باڵای ئەمنی عێراق و تورکیا 15ـی ئەم مانگە لە ئەنقەرە لەسەر ئەو لێکتێگەیشتنە رێککەوتن کە لەلایەن سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق و یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا واژۆکرا. دواتر فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە رایگەیاند، تورکیا رازیبووە بنکەی سەربازی باشیک رادەستی هێزەکانی عێراق بکاتەوە.
ساڵی 2015 هێزەکانی تورکیا چوونە نێو سەربازگەی باشێک، ئەمە دوای ئەوەی داعش کۆنترۆڵی ناوچەکانی دەوروبەری سەربازگەکەی کردبوو. چەند جارێک بەرپرسانی عێراق داوای کشانەوەی ئەو هێزانەیان کردووە.
نیسانی ئەم ساڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراقی کرد و دوای ئەو سەردانە هاوئاهەنگییە ئەمنییەکانی هەردوولا زیادیان کرد. لەو کاتەوە، عێراق ژمارەیەک رێکاری دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گرتوونەتە بەر، لەوانە قەدەخەکردنی پارتەکە و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی سێ پارتی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان و بڕیاری داخستنی بارەگانیان.
تورکیا 74 بکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستان هەن. بەگوێرەی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگا لە ساڵی 1990ەوە هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستان بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 344 هاووڵاتیی سڤیل.