ئاکپارتی: کاتێک ئێمە قەدەخەی سەر کوردمان لادەدا، جەهەپە دژمان دەوەستایەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی لەبارەی گوتەکانی سەرۆکی جەهەپە دەڵێت، "کاتێک لە پەرلەمان قەدەخەی سەر کوردمان لادەدا، جەهەپە دژمان دەوەستایەوە".
دوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی ئاکپارتی کە رۆژی سێشەممە، 23-7-2024، لە ئەنقەرە بەرێوەچوو، عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتەکە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رۆژی 21ـی تەممووز لە گوتارێکدا لە ئیستەنبووڵ باسی کورد و عەلەوییەکانی کرد: "تاوەکو ئەو کاتەی کورد و عەلەوییەکان هەست بە یەکسانیی هاونیشتمانبوونیان لە تورکیا دەکەن، لە خەبات بەردەوام دەبین".
یەکێک لەو پرسیارانەی ئاراستەی چەلیک کرا لەبارەی ئەو گوتانەی سەرۆکی جەهەپە بوو. گوتەبێژی ئاکپارتی گوتی، ئەو نایەکسانییەی بەرامبەر کورد کرا لە سەردەمی ئاکپارتیدا نەبوو، بەڵکو لە سەردەمی پێش دەسەڵاتی ئەودا بوو.
عومەر چەلیک رایگەیاند، ئاکپارتی لە ساڵی 2002ـەوە کۆمەڵێک هەنگاوی نا. بۆ نموونە کەناڵێک بە زمانی کوردی کرایەوە کە تەرەتە 6ـە و وەزارەتی رۆشنبیریش رێگەی بە چاپکردنی کتێب بە زمانی کوردی دا و چەندین "قەدەخەی دیکەمان هەڵگرت".
عومەر چەلیک ئاماژەی بەوەشکرد، ئاکپارتی لە ماوەی دەسەڵاتیدا زۆرجار کاری لەسەر ئەوە کردووە هەنگاو بە ئاراستەی چارەسەری پرسی کورد بنێت، بەڵام جەهەپە دژی وەستاوەتەوە و رایگەیاند، "کاتێک لە پەرلەمان دەمانویست یاسای نایەکسانی دژی هاووڵاتیانی کوردمان هەڵبگرین، جەهەپە بەرەنگارمان بووەوە. پارتی گەلی کۆماری دژمان بوو. ئەندامانی جەهەپە تووندترین لێدوانیان دەدا".
پاکێجی دیموکراسیی ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە مێژووی کۆماری تورکیادا یەکەمین هەنگاوی کردەیی بوو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و پرۆسەی چارەسەری بەدواداهات.
ئەوکات حکومەتی تورکیا و قەندیل بە نێوەندگیریی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بیروڕایان ئاڵوگۆڕ دەکرد و دواتریش هەمان ئەو شاندەی هەدەپە لە ژێر چاودێریی دەوڵەت، سەردانی دوورگەی ئیمرالییان دەکرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەش کۆدەبوونەوە.
دواجار ئەو کۆبوونەوانە نەگەیشتنە ئەنجام و لە قۆناخی دۆڵمەباخچەدا پرۆسەی ئاشتی لەبارچوو. سەبارەت بە لەبارچوونی پرۆسەکە، ئاکپارتی و هەدەپە یەکدییان تۆمەتبار کرد.
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015، شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەنێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دژی گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کورستان هەڵگیرسا.