فیستڤاڵی فڕۆکەی بچووک لە ئێسکیشەهیر بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئێسکیشەهیری تورکیا فیستڤاڵی فڕۆکەی بچووکی مۆدێرن بەڕێوەدەچێت، ئەو کەسانە بانگهێشت کراون، کە فڕۆکەی بچووک دروستدەکەن. 
 
لیژنەی هەڵسەنگاندن، نمرە بە فڕۆکەکان دەدات بۆ دەستنیشانکردنی براوە و یەک لە دوای یەک فڕۆکەکان ئامادە دەکرێن و لە فڕگەیەکی بچووک دەفڕێندرێن.
 
فوئاد گیونەر، بەشداربووی فێستیڤاڵەکە دەڵێ "ئەمڕۆ فیستڤاڵی فڕۆکەی مۆدێرن هەیە. ئێمە، دوو مانگ لەمەوبەر لەلایەن برامان عەلی عیسمەتەوە ئاگادارکراینەوە. وەکو ئارەزوومەندانی فڕۆکەی مۆدێرن گوتمان ئەم رۆژە لەدەست خۆمان نادەین. لەگەڵ هاوڕێم مەسعوود هاتین و فڕۆکەکانمان لەگەڵ خۆماندا هێنا."
 
ئەمە چوارەمین ساڵە فێستڤاڵی تایبەت بە ئارەزوومەندانی فڕۆکە بەڕێوەدەچێت و ساڵانە ئەو کەسانە بانگهێشت دەکرێن، کە فڕۆکەی بچووک دروستدەکەن.
 
مەحموود ئاکپۆڵات، باس لەوە دەکات بۆ کارپێکردنی ئەو فڕۆکە بچووکانە، "هەمیشە، سەرەتا کۆنترۆڵەکە دەکرێتەوە ئینجا پاتری دادەنرێت. هەروەها سەرەتا پاتری دەردەهێنرێت و دواتر کۆنترۆڵ دەکوژێندرێتەوە".
 
ئەم فیستڤاڵە ماوەی سێ رۆژ بەردەوامدەبێت و دواتریش خەڵات بەسەر یەکەمەکاندا دابەش دەکرێت.