رووداو - هەولێر
لە کاتی بەشداریکردنی لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندەی تورکیا رایگەیاند، وەک چۆن تورگوت ئۆزال، کوردێکی خۆشەویست بوو لە لایەن تورکەوە، "منیش تورکێکی خۆشەویستم لەلایەن کوردەوە."
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندەی تورکیا، لەبارەی بایەخی زۆری خۆی و پارتەکەی بۆ کورد و شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان گوتی، لە سەرەتای دامەزراندنی پارتەکەیاندا زۆر بەخێرا رێکخستنەکانیان لە باکووری کوردستان تەواو کرد و ژمارەیەکی زۆر کورد ئەندامێتییان لە پارتەکەیاندا تۆمار کرد.
داودئۆغڵو لەبارەی دوایین سەردانی بۆ ئامەد و راگەیاندنی نەخشەرێگەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد و کورتکردنەوەی لە 10 خاڵدا رایگەیاند، کاردانەوەی زۆر ئەرێنی و بەدەمەوەهاتنی زۆری لێکەوتەوە و دەستخۆشی زۆر کران لە زۆربەی چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی کوردی بەگشتیی و ئامەد بەتایبەتی.
سەرۆکی پارتی ئایندە راشیگەیاند، چەقبەستووییەکی زۆر قووڵ لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ئارادایە. گرێکوێرەیەکە نە کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" نە دەسەڵات و نە خاوەن هزرە نەتەوەپەرستەکان مەبەستیان نییە بیکەنەوە و لە بەرژەوەندیی ئەواندایە دۆخەکە بەمشێوەیە بمێنێتەوە و گوتی: "نە قەیووم نە کەجەکە، نە تیرۆر نە دەسەڵاتێکی خۆسەپێن ناتوانن پرسی کورد چارەسەر بکەن. تەنیا دیموکراسییەت و سەروەری یاسا توانای چارەسەری هەیە".
داودئۆغڵو هەروەها گوتی: "ئەو هەوڵەی ئێمە رێکخراوی تیرۆریستی و لایەنە پەیوەندیدار و نزیکەکانی نیگەرانکردووە، بەهۆی ئەوەی هەموو کەرەستەکانی ژێر دەستیان مایەپووچ دەکات، هەروەها باخچەلی نیگەران بوو. لە راستیدا رێکخراوی تیرۆریستی و ژینگەکەی لەگەڵ باخچەلی هاوئاوازەکانی لەسەر بنەمای چارەسەرنەکردنی پرسی کورد سیاسەت دەکەن. تەنیا موزایەدە دەکەن و هیچ کاتێک هەنگاوێکیان نەناوە بۆ چارەسەرکردن".
سەرۆکی پارتی ئایندە راشیگەیاند: "ئێمە خاکین، هەموو کات دەتوانین سەردانی برایانی کورد بکەین، بەڵام دەوڵەت باخچەلی ناتوانێت بچێتە ئامەد. ئەردۆغانیش بە سوپایەک پاسەوان قەڵغانێک لەنێوان خۆی و خەڵک دروست دەکات. ئەمەش هۆکاری توڕەبوونی باخچەلی بوو کە بە تووندی رەخنەی لێگرتم و بێڕێزی زۆری کرد. من لە هەفتەیەکدا سەردانی ئامەد و عوسمانییەم کرد، لە ئامەد بە سەرۆک ئەحمەد و لە عوسمانییە بە یۆروک ئەحمەد (ئەحمەدی خاکی) ناویان هێنام".
لە بەردەوامی قسەکانیدا، داودئۆغڵو گوتیشی: "باخچەلی دەیەوێ کوردەکان دەنگ بە کورد بدەن، لە بەرامبەردا تورکەکانیش تەنیا دەنگ بە تورکەکان بدەن. رێکخراوی تیرۆریستی و بەناو نەتەوەپەرست و نیشتمانپەروەرەکان لە دوو شت زۆر نیگەرانن. کوردێکی خۆشەویست لە لایەن تورکەوە، هەروەها تورکێکی خۆشەویست لەلایەن کوردەوە. من تورکێکی خۆشەویستم لەلایەن کوردەوە. شانازیش بەمە دەکەم. رەوانشاد تورگوت ئۆزال [هەشتەم سەرۆککۆماری تورکیا] کوردێکی خۆشەویست بوو لە لایەن تورکەوە. خامەی ئێمە خامەکەی ئامادە کە توانای یەکگرتوویی هەیە".
لەبارەی سیاسەتی دەسەڵات بەرامبەر کورد گوتی: "زمانی کوردی قەدەخە دەکەیت، نکۆڵی لە کورد دەکەیت، کۆنسێرتەکانی قەدەخە دەکەیت و باس لە یەکپارچەیی و نیشتمانپەروەریی دەکەیت و لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان داوای دەنگیان لێدەکەیت. ئەم سیاسەتە هەڵەیە و شکستخواردووە. لای ئێمە هەموو زمانێک پیرۆزە و بایەخ بە هەموو زمانێک دەدەین. بەهۆی ئەم سیاسەتەی ئێمەوە خۆشەویست بووین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ