سێ رۆژە دارستانەکانی مارماریس دەسووتێن و بە هێلیکۆپتەر هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدرێت


رووداو دیجیتاڵ

ماوەی سێ رۆژە دارستانەکانی شارۆچکەی مارماریس سەربە پارێزگای موغڵای تورکیا دەسووتێن و تاوەکو ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی حوزەیرانی 2022  بە هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە لە ئاسمانەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە درا. 
 
ئاگری دارستانەکانی مارماریس رۆژی 21ی حوزەیران بە کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانی گەڕەکی هیسارئۆنو دەستیپێکرد و دواتر تەشەنەی کرد. 
 
محەممەد ئۆکتای سەرۆکی شارەوانی مارماریس کاژێر 20:17 خولەکی شەوی رابردوو رایگەیاند، "بەداخەوە سووتانی دارستانەکان زیاتر لە 24 کاژێرە بەردەوامە. بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە داوای هێلیکۆپتەرمان کرد کە لە شەودا توانای بینینی هەبێت، دواتر زانیمان کە نیمانە". 
 
تیمەکانی دارستان و ئاگرکوژێنەوەکان بەدرێژایی شەو لە زەوییەوە بەردەوام بوون لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.
 
هاوینی رابردوو 299 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیادا روویدا. لە بەشی تورکیا ئاگرەکە چەند شوێنێکی نیشتەجێبوونی گرتەوە، بەو هۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستدا، سەتان هەزار هێکتار زەوی سووتا و هەزاران زیندەوەر لەناوچوون.