رووداو دیجیتاڵ
ماوەی سێ رۆژە دارستانەکانی شارۆچکەی مارماریس سەربە پارێزگای موغڵای تورکیا دەسووتێن و تاوەکو ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی حوزەیرانی 2022 بە هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە لە ئاسمانەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە درا.
ئاگری دارستانەکانی مارماریس رۆژی 21ی حوزەیران بە کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانی گەڕەکی هیسارئۆنو دەستیپێکرد و دواتر تەشەنەی کرد.
محەممەد ئۆکتای سەرۆکی شارەوانی مارماریس کاژێر 20:17 خولەکی شەوی رابردوو رایگەیاند، "بەداخەوە سووتانی دارستانەکان زیاتر لە 24 کاژێرە بەردەوامە. بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە داوای هێلیکۆپتەرمان کرد کە لە شەودا توانای بینینی هەبێت، دواتر زانیمان کە نیمانە".
تیمەکانی دارستان و ئاگرکوژێنەوەکان بەدرێژایی شەو لە زەوییەوە بەردەوام بوون لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.
هاوینی رابردوو 299 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیادا روویدا. لە بەشی تورکیا ئاگرەکە چەند شوێنێکی نیشتەجێبوونی گرتەوە، بەو هۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستدا، سەتان هەزار هێکتار زەوی سووتا و هەزاران زیندەوەر لەناوچوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ