بانکی ناوەندیی تورکیا سوودی بانکی رادەگەیێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە رێژەی سوودی بانکی رادەگەیێنێت؛ پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن رێژەی سوودی بانکی بە جێگیری بمێنێتەوە کە 14%یە.
 
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی حوزەیرانی 2022 شەشەمین کۆبوونەوەی ئەمساڵی بە سەرۆکایەتیی شەهاب کاڤجیئۆغڵو، سەرۆکی بانکی ناوەندی دەکات. دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، بانکی ناوەندی لە کاژێر 14:00دا بڕیاری خۆی لەبارەی رێژەی سوودی بانکی لە تورکیا رادەگەیێنێت.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی رۆژی 6ی حوزەیران لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان رایگەیاند، سوودی بانکی بەرز ناکەنەوە.
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم دەسەڵاتە سوود زیاد ناکات؛ بە پێچەوانەوە، بەردەوام دەبین لە دابەزاندنی رێژەی سوود."
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فەرمیی تورکیا کە 17 شارەزای ئابووری تێیدا بەشداربوون، پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمجارەش رێژەی سوودی بانکی وەکو خۆی بە جێگیری بهێڵێتەوە.
 
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا لە پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەمساڵیدا کە لە 26ی ئایاردا بەڕێوەچوو، بڕیاریدا بە دەستکارینەکردنی سوودی بانکی و بۆ پێنجەمین جار لەسەر یەک سوودی بانکی لە رێژەی 14%دا بە جێگیری هێشتەوە.
 
سوودی بانکی لە تورکیا لە سەرەتای ساڵی 2021دا 17% بوو. بانکی ناوەندیی تورکیا لە 18ی ئاداری 2021دا ئەو رێژەیەی لە 17%ـەوە بۆ 19% بەرزکردەوە و دواتر لە پێنج کۆبوونەوەدا ئەو رێژەیەی جێگیر کرد.
 
دواتر لە 23ی ئەیلوولی 2021 رێژەی سوودی بانکی لە 19%ـەوە بۆ 18% کەمکردەوە. لە 21ی تشرینی یەکەمی 2021دا رێژەی سوودی بانکی بۆ 16% و لە 18ی تشرینی دووەمیشدا رێژەکەی لە 16%ـەوە بۆ 15% کەمکرایەوە.
 
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی 16ی کانوونی یەکەمی 2021 سوودی بانکی لە 15%ـەوە بۆ 14% کەمکردەوە؛ لە کۆبوونەوەی مانگی کانوونی دووەمی 2022ەوە تاوەکو ئێستا بۆ پێنج جار لەسەر یەک سوودی بانکی لە رێژەی 14% بە جێگیری هێشتووەتەوە.