ئەردۆغان: یەکێتی بەردەوامە لە پشتیوانیی پەکەکە و هۆشداریمان پێداون
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی سەردانەکەی بۆ هەولێر بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئەو هاوئاهەنگییە زیاتر بەرەو پێش دەبەن کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیانە. دەشڵێت، هۆشدارییان داوەتە یەکێتی لەبارەی هاوکاریکردنی پەکەکە.
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە 22-4-2024 سەردانی بەغدا و هەولێری کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەنێو فڕۆکە، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئەردۆغان لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا و هەولێر و پەیوەندییەکانی نێوانیان گوتی: "تورکیا لەگەڵ دۆستانییدا دۆستە. وەزیری دەرەوەمان هاکان فیدان، وەزیری بەرگریی نیشتمانیمان یاشار گولەر، سەرۆکی دەزگای MITمان ئیبراهیم کاڵن بە شێوەی زنجیرەیی و یەک لە دوای یەک سەردانی عێراقیان کرد."
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەو سەردانانە ئەو دۆخەیان هێور کردەوە کە بەهۆی پێشهاتە نەرێنییەکان لە عێراق دروستببوون؛ گوتیشی: "سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق-تورکیا، چی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و چی لەگەڵ حکومەتی باکووری عێراق، لە بابەتی هەڵهێنانی هەنگاوەکاندا پێشهاتی زۆر باش هەبوون."
سەبارەت بە رازاندنەوەی شەقامەکانی هەولێر و بوونی ئاڵای تورکیا شانبەشانی ئاڵاکانی کوردستان و عێراق لە شەقامەکان بۆ پێشوازیکردن لێی، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، رازاندنەوەی شەقامەکانی هەولێر بەو جۆرە ئاماژەیە بە پەیوەندیی دۆستانەی نزیکی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و گوتیشی، "دڵخۆش بووین بەوەی جارێکی دیکە دۆستایەتیی راستگۆیانەی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردیی عێراقمان بەم شێوەیە بینی. جەختمان کردەوە ئەو هاوئاهەنگییە زیاتر بەرەو پێش دەبەین کە لەگەڵ هەرێمی کوردیی عێراق دروستمانکردووە. ئەم پەیامەشمان بە روونی بە ئەوان گەیاند."
سەرۆککۆماری تورکیا زیاتر لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ قسەی کرد و گوتی، "ئەگەر لە بابەتەکانی راستگۆیی و مەردایەتیدا سازش نەکەین و رێگەی دروستکردنی 'تیرۆر-یستان'ێک لە پاڵی سنوورمان نەدەین، ئێمە لەگەڵ دراوسێکانمان دەتوانین هەموو جۆرە هەنگاویک بنێین."
لەبارەی هەڵوێستی ئەنقەرە بەرامبەر عێراق و سووریا، ئەردۆغان جەختیکردەوە کە ئەو رێزەی تورکیا لە یەکێتیی خاکی ئەو دوو وڵاتە دەیگرێت، هیچ کەس نەیگرتووە.
لەبارەی ساردییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تورکیا، ئەردۆغان گوتی، "سەبارەت بەو هەڵوێستە نەرێنییانەی سلێمانی، چەندین جار هۆشداریمان دا و پێمان گوتن، دەبینین لەو ناوچەیەدا پێکهاتەی جیاواز دروست دەبن. دەرفەتیان پێ مەدەن، دوایی بە تەنیا دەمێننەوە. ئەمە لەکاتێکدایە هەمیشە ئاگاداری دۆخی سلێمانین و هاونەژادەکانمانی لێن."
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی: "لەگەڵ حکومەتی هەولێر، لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا ئەو پێشڤەچوونانەی تۆمارمان کردوون بەرەو ئاراستەیەکی باش دەڕۆن. بەڵام سلێمانی، واتە یەکێتی سەرەڕای هەموو ئاگادارییەکانمان، بەداخەوە بەردەوامە لە پشتیوانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە/پەیەدە. ئینجا لە دیدارەکەماندا ئەم بابەتەشمان تاوتوێ کرد و هۆشداریمان دا. با هیچ کەسێک چاوەڕێی هەڵوێستێکی جیاواز نەکات. کاردانەوەی پێویستمان دەبێت. نایەڵین ئەم بابەتە وەها تێپەڕێت. ئەوەی لەدەستمان بێت، ئێستا و داهاتووش هەنگاوی بۆ دەنێین. دەکرێت لە زۆر بابەتدا لێبووردەییمان هەبێت، بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتە سەر ئاسایشی نیشتمانی و مان و نەمانمان، دەرگاکانی لێبووردەییمان بە هەموو شێوەیەک داخراون. ئەوەی پێویست بێت دەیکەین. ئەگەر ئامانجیان دووژمنایەتیکردنی ئێمەیە، کاردانەوە و رێکارمان بۆ ئەوەش هەیە و لە هەنگاوی تووندتر سڵناکەینەوە."
شەوی رابردوو کاژێر 8:00 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانە لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
دواتر سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسی دیکەی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ئەو سەردانەی ئەردۆغان دوای سەردانێکی بوو بۆ بەغدای پایتەختی عێراق. ئەردۆغان ساڵی 2011 وەکو یەکەمین سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی هەولێری کرد. ئەمجارەش وەکو یەکەمین سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی هەولێری کرد.