تورکیا
وێنەیەکی ئەرشیڤیی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمانی تورکیا لە 16ـی تەممووزی 2016، وێنە: TRT World
رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی ژنان بۆ یەکسانی، راپۆرتێکی لەبارەی لیستی بەربژێرانی 24 لایەنە سیاسییەکەی تورکیا بۆ هەڵبژاردنی 28ـەمین خولی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لایەنەکان لە 33 پارێزگادا بەربژێری ژنیان نییە.
ئەو پلاتفۆرمە کە کۆکەرەوەی ژمارەیەک رێکخراوی داکۆکیکارە لە مافی ژنان و ناوەندەکەیان لە ئیستەنبووڵە، لە راپۆرتەکەیاندا تێبینییەکانی بۆ 28ـەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا تۆمارکردووە و جەختی لەوەکردووەتەوە کە لایەنە سیاسییەکان لە 33 پارێزگادا ژنیان لە مافی بەربژێربوون بێ بەشکردووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، مەهەپە لە 40 پارێزگا، ئاکپارتی لە 34 پارێزگا، ئیی پارتی لە 22 پارێزگا، جەهەپە لە 21 پارێزگادا بەربژێری ژنیان نییە کە بە تێکڕا لە 33 پارێزگادا ژنیان بێبەشکردووە لە خۆبەربژێرکردن و بوون بە پەرلەمانتار؛ پێشبینی کراوە لە 28ـەمین خولی پەرلەماندا لە کۆی 600 کورسییەکە، 117 کورسی بۆ ژنان بن و رێژەی نوێنەرایەتیی ژن 19.50٪ بێت.
پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) زۆرترین بەربژێری ژنی هەیە بە جۆرێک رێژەی بەربژێرانی ژن 43.50٪ـیە؛ پارتی کرێکاری تورکیا بە رێژەی 42.13٪ لە ریزبەندی دووەم دێت و بە رێژەی 15.17٪ـش مەهەپە کەمترین رێژەی بەربژێری ژنی هەیە.
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ـی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا بەڕێوەدەچێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە. 24 پارتی سیاسی لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەیە و 12 پارتەکەی دیکەش بەناوی هاوپەیمانییەوە دەچنە هەڵبژاردنەکانەوە.
هەر لەم هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 113 هەزار و 941 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 60 ملیۆن و 697 هەزار و 843 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 416 هەزار و 98 دەنگدەریش وەک رەوەندی ئەم وڵاتە لە دەرەوەی تورکیا دەچنە سەر سندووقی دەنگدان.
بەگشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان 580 شار هەن، کە بەسەر 81 پارێزگادا دابەش بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ