رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئەوەی ئاڵای کوردستانی بە 'پەڕۆ' ناوبرد، فەرهاد ئەنجو، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە بە مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرەی گوت: "حەوت پشتی تۆ پەڕۆیە."
فەرهاد ئەنجو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 23-3-2025، رەخنەی تووندی لە مەنسور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە گرت. یاڤاش کە جەهەپەییە رۆژی شەممە رەخنەی لە شەکاندنەوەی ئاڵای کوردستان لە باکووری کوردستان گرت و بە "پەڕۆ" ناوی برد.
فەرهاد ئەنجو لە ئێکسەکەیدا دەڵێت:"حەوت پشتی تۆ پەڕۆیە. پەڕۆ تەواوی ئەو بەهایانەیە کە تۆ نوێنەرایەتییان دەکەیت و باوەڕت پێیان هەیە. فاشیستی کەموکورت".
ئەنجو هەروەها رەخنەی لە جەهەپە گرت بەوەی یاڤاش وەکو دۆستی کوردان ناودەبات و دەڵێت: "ئەوانە هەنگوینت بەسەردا دەکەن و دەتهێننە بەردەم خەڵک، با باش ئەمە بزانن کە هەر شوێنێک دووژمنی کورد؛ مەنسوری لێ بێت، کورد لەوێ نابن. ئێوە وانەتان لە بابەتی مەرال ئاکشەنەر وەرنەگرت! ئێستاش مەنسورەکەتان، ئینجە و تانژووەکەتان ببەنە گۆڕەپان و تێبکۆشن".
چی روویدابوو؟
رۆژی شەممە 22-3-2025 مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە لە ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکێشکرد و سەرکۆنەی حکومەتی کرد بەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵی دەستگیرکردووە.
یاڤاش هەروەها باسی جیاکاریی حکومەتی لەنێوان چالاکییەکانی پارتەکەی کە جەهەپەیە و دەم پارتی کرد و گوتی: "لەکاتێکدا لە ئیزمیر تەواوی خۆپێشاندانەکان قەدەخە دەکرێن، رێگە بە کۆبوونەوە و چالاکی پارتێک دەدرێت".
لەکاتێکدا لە زۆربەی شارەکانی باکووری کوردستان لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا ئاڵای کوردستان دەشەکێتەوە، یاڤاش گوتی:"دوێنێ لە شوێنێکی رۆژهەڵاتی وڵاتدا ئەو ئاڵایە دەشەکایەوە کە پێموایە پەڕۆیە، هەروەها پۆلیس پەشمەکی بەسەر بەشداربووانی چالاکییەکەدا دابەش دەکرد، ئێمە چاوەڕێ دەکەین لێرەش هێزەکانی ئاسایش پەشمەک بەسەر گەنجاندا دابەش بکەن".
ئەمە لەکاتێکدایە مەنسوور یاڤاش لە هەڵبژاردنی 31-3-2024 کە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بوو، 60.43٪ی دەنگەکانی ئەنقەرەی بردەوە و بووە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە.
لەو هەڵبژاردنەدا کورد لە ئەنقەرە پشتگیریی لە مەنسور یاڤاش کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ