ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە تۆمەتی 'گەندەڵی' خرایە زیندانەوە

23-03-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیاری دادگەی ئیستەنبووڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی "گەندەڵی" خرایە زیندانەوە. 
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی ئاداری 2025 لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا کە بە تۆمەتی گەندەڵی لە دژی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەستیپێکردووە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەرەشارەوانی ئیستەنبووڵ و 99 کەسی دیکە کە لە 19ـی ئەم مانگەوە دەستبەسەرکرابوون، رەوانەی دادگەی چاغڵایان کران و داوای زیندانیکردنیان کرا.
 
بە بڕیاری دادگە، ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ و 20 کەسی دیکە خرانە زیندانەوە و 9 کەسیش بە مەرجی دادی ئازادکران. لێپرسینەوەی دادوەری لە گومانلێکراوەکانی دیکە بەردەوامە.
 
لەلایەکی دیکەوە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە- کەجەکە لێکۆڵینەوە لە 7  کەس بەردەوامە، لەوانە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، رەسوڵ ئەمرا شاهان سەرۆکی شارەوانیی شیشلی و ماهیر پۆلات، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵی لە نێودایە.  
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025 لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ئیمامئۆغڵو لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئیستەنبووڵەوە دەستگیرکرا.
 
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی 19ـی ئاداری 2025 لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵەوە کراون، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی رێکخراوی تیرۆریستی و گەندەڵیی دارایی" دەستگیر کراوە.
 
بە گوتەی وەزیری دادی تورکیا، هەر لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەدا، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 105 کەسی دیکەش دراوە.
 
ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدان، ئیمامئۆغڵو لە سەروبەندی ئەوەیە، خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتە بەربژێر بکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە