سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە کە جەهەپەییە سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان دەکات

23-03-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی ئەوەی لە گوتارێکدا ئاڵای کوردستانی "بە پەڕۆ" ناوبرد، سەندیکای پارێزەرانی وان سکاڵای یاسایی لەسەر مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە تۆمارکرد.
 
رۆژی شەممە 22-3-2025 مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە لە ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکێشکرد و ناڕەزایی بەرامبەر ئاهەنگەکانی نەورۆز نیشاندا.
 
یاڤاش باسی جیاکاریی حکومەتی لەنێوان چالاکییەکانی پارتەکەی کە جەهەپەیە و دەم پارتی کرد و گوتی: "لەکاتێکدا لە ئیزمیر تەواوی خۆپێشاندانەکان قەدەخە دەکرێن، رێگە بە کۆبوونەوە و چالاکی پارتێک دەدرێت".
 
لەکاتێکدا لە زۆربەی شارەکانی باکووری کوردستان لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا ئاڵای کوردستان دەشەکێتەوە، یاڤاش گوتی:"دوێنێ لە شوێنێکی رۆژهەڵاتی وڵاتدا ئەو ئاڵایە دەشەکایەوە کە پێم وایە پەڕۆیە، هەروەها پۆلیس پەشمەکی بەسەر بەشداربووانی چالاکییەکەدا دابەش دەکرد، ئێمە چاوەڕێ دەکەین لێرەش هێزەکانی ئاسایش پەشمەک بەسەر گەنجاندا دابەش بکەن".
 
ئەو گوتانە دەنگدانەوەی زۆریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆدا هێنا. سەندیکای پارێزەرانی وان سکاڵای یاسایی لەسەر مەنسور یاڤاش تۆمارکرد.
 
سەندیکای پارێزەرانی وان رایگەیاند: "لە نووسینگەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، سکاڵا لەسەر مەنسوور یاڤاش تۆماردەکەین کە ئاهەنگی نەورۆزی شرنەخی وەک تاوان ناوبردووە. مەنسوور یاڤاش سەرکۆنە دەکەین بەوەی هەڵوێستێکی بێ رێزانەی بەرامبەر کورد پیشانداوە و زەوینەسازیی بۆ خراپە کردووە".
 
سەندیکای پارێزەرانی وان گوتی، چاودێریی دۆسیەکە دەکەن.
 
ئاڵای کوردستان لە تورکیادا لە بواری یاساییەوە هیچ کێشەیەکی نییە و کۆماری تورکیا لە زۆربەی دیدارەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، ئاڵای کوردستان لە شوێنە فەرمییەکانیش دادەنێت.
 
مەنسوور یاڤاش لە هەڵبژاردنی 31-3-2024 کە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بوو، 60.43٪ـی دەنگەکانی ئەنقەرەی بردەوە و بووە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە.
 
لەو هەڵبژاردنەدا بەشێکی دەنگدەری کورد پشتگیرییان لە مەنسوور یاڤاش کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە