ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رەوانەی دادگە کرا و داوای زیندانیکردنی دەکرێت

23-03-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
لە دادگەی چاغلایانی ئیستەنبووڵ لێپرسینەوە لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کۆتایی هات، کە لە 19ـی ئادارەوە دەستبەسەرکراوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی ئاداری 2025 لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی "تیرۆر" دا، هەریەک لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، رەسوڵ ئەمرا شاهان سەرۆکی شارەوانیی شیشلی، ماهیر پۆلات، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و محەممەد عەلی چاڵیشکان، بەڕێوەبەری پەیمانگای چاکسازی بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی رێکخراوێکی تیرۆریستی چەکدار"، رەوانەی دادگە کران.
 
ئیمامئۆغڵو لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی گەندەڵیدا بە "دامەزراندنی رێکخراوی تاوانکاری"، گەندەڵکاری لە تەندەرەکان و وەرگرتنی بەرتیل"، تۆمەتبارکرا و رەوانەی دادگەی ئێشکگری سوڵح کرا و داواکراوە زیندانی بکرێت.
 
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکە لەلایەن "نووسینگەی لێکۆڵینەوەی رێکخراو لە تاوانەکان" دەکرێت.
 
بەگوێرەی ئەو تۆمەتنامەیەی بۆی ئامادە کراوە، ئیمامئۆغڵو "سەرکردەی رێکخراوەکەیە" و گوایە ئەم رێکخراوە "بازرگانان ناچار دەکات پارە بدەن، لەگەڵ هەندێک بازرگان کاردەکات بۆ بەدەستهێنانی قازانجی نایاسایی، کڕین و فرۆشتن لە رێگەی کەسانی ساختەوە، سپیکردنەوەی پارەی بەدەستهاتوو لە تاوانەکان، هەروەها بەکارهێنانی خەڵکی مەدەنی کە بە 'بریکاری نهێنی' ناودەبرێن، بۆ گواستنەوە و کۆکردنەوەی پارە".
 
لە لایەکی دیکەوە لێکۆڵینەوەی دووەم لە دژی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەستیپێکرد. ئەم بەدواداچوونە باس لە "سازانی شارەکان" لە نێوان جەهەپە و دەم پارتی دەکات و گوایە لە رێگەی ئەمەوە "هاوکاری پەکەکە - کەجەکەی کردووە" و "هاوسۆزانی ئەو رێکخراوەی لە گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دامەزراندووە".
 
شەوی رابردوو لە دادگەی چاغلایان گوتە لە ئیمامئۆغڵو و 90 کەسی دیکە وەرگیرا، بە ئیمامئۆغڵوەوە داوای زیندانیکردنی 89 کەس دەکرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە