وەزیری ناوخۆی تورکیا: لە شەوی رابردووەوە 323 کەس لە ئیستەنبووڵ دەستبەسەرکراون

23-03-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە چوارەمین شەوی گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەرامبەر دەستبەسەرکردنی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ 323 کەس دەستبەسەرکراون.
 
عەلی یەرلیکایا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی ئاداری 2025 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ 323 کەس لە چالاکییەکانی پەیوەست بە دەستبەسەرکردنی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەستبەسەرکراون.
 
یەرلیکایا گوتی: "هەر هەنگاوێک زیان بە تێکدانی ئاسایشی گشتی بگەیەنێت، رێگەی پێنادرێت". 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی شەممە 22ـی ئادار لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، لە چوار رۆژدا لە گرژی نێوان خۆپێشاندەران و پۆلیسی شارەکەدا 11 پۆلیس برینداربوون و 373 خۆپێشاندەر دەستبەسەرکراون. 
 
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ لە 19ـی ئاداری 2025، لە چوارچێوەی دوو لێکۆڵینەوەی جیاواز بە فەرمانی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی "گەندەڵی و هاوکاریکردنی پەکەکە"دەستبەسەرکرا. 
 
داواکاری گشتی لە هەردوو لێکۆڵینەوەکەدا فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ 105 کەس دەرکردووە و تاوەکو ئێستا 90 کەسیان دەستبەسەرکراون.
 
لەدوای دەستبەسەرکردنەکانەوە، جەهەپە لە بەردەم گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و چەند شارێکی دیکەی تورکیا دەستی بە خۆپێشاندان کرد.
 
داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ، بەهۆی دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، لە 19ـی ئادارەوە تاوەکو 23ـی ئاداری 2025، بۆ چوار رۆژ لە سنووری پارێزگای ئیستەنبووڵ خۆپێشاندان و گردبوونەوەی قەدەخە کرد. 
 
رۆژی شەممە 22ـی ئادار پارێزگاری ئیستەنبووڵ، بڕیاری قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوەکانی تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی 27ـی مانگ درێژکردەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە