ئەردۆغان سەرەخۆشیی لە پووتین کرد

23-03-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئەو هێرشە چەکدارییەی سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندیی بە ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کرد و سەرەخۆشیی لێکرد. 
 
ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوئاهەنگی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ رووسیا دووپاتکردەوە. هەروەها هیوای خواست چی زووە گرژی و قەیرانەکانی ناوچەکە کۆتاییان بێت و ئاشتەوایی شوێنیان بگرێتەوە. 
 
لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا کە رۆژی شەممە، 23-3-2024، لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: "سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی حکومەتی رووسیا دەکەین بەهۆی ئەو هێرشە تیرۆریستییە قێزەونەی کرایەسەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە مۆسکۆ. هێرشەکە بە تووندی سەرکۆنە دەکەین".
 
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، تیرۆر لە هەر لایەنێکەوە بێت و هەر کەسێک ئەنجامی بدات، قبوڵکراو نییە و گوتی: "وەک وڵاتێک کە زۆر باش رووی ناپاکی و خوێناویی تیرۆر دەبینین، هاوخەمیی خۆمان بۆ گەلی رووسیا نیشان دەدەین".
 
هاوکات، ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە گوایە یەکێک لە چوار دەستگیرکراوەکانە و دانپێدانانی سەرپێیی لێ وەردەگیرێت. 
 
ئەو کەسە ئاماژە بەوە دەکات کە رۆژی 4ـی ئادار لە تورکیاوە چووەتە رووسیا.
 
ئەو دەستگیرکراوە باس لەوەش دەکات، داوایان لێکراوە سەرجەم ئەو کەسانە بکوژن کە لەنێو هۆڵەکەدان و ئاماژە بەوەش دەکات، لە بەرامبەر ئەو کارەدا بەڵێنی یەک ملیۆن روبڵی رووسیان پێداوە و پێیان گوتووە کە پێش هێرشەکە نیوەی پارەکەی پێ دەدەن و دوای هێرشەکەش نیوەکەی دیکەی پێ دەدەن. 
 
شەوی 22ی ئاداری 2024  چوار چەکدار خۆیان کرد بە هۆڵێکی کۆنسێرتدا لە باکووری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا. تەقەکارەکان سەرەتا بە نارنجۆک هێرشیان کرد و دواتر بە هەڕەمەکی تەقەیان لە ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە کرد.
 
لە هێرشەکەدا زیاتر لە 130 کەس کوژران و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش هێشتا لە نەخۆشخانەن و چارەسەر وەردەگرن.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە