دەمیرتاش: بڕیاری هەدەپە بۆ دیارینەکردنی بەربژێر بە دروست دەزانم


رووداو دیجیتاڵ 

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی گشتیی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، هێشتا هەدەپە و هاوپەیمانانی پشتگیریی خۆیان بۆ هیچ بەربژێرێکی سەرۆککۆماری تورکیا رانەگەیاندووە، بەڵام نەیشاردەوە "لەوانەیە لەگەڵ تێپەڕینی کات بڕیار لەسەر ئەمەش بدات."
 
لە دیمانەیەک بۆ میدیای تورکیا دەمیرتاش شەوی چوارشەممە، 22-3-2023 لە گرتووخانەی ئەدیرنەوە وەڵامی چەند پرسیارێکی سەبارەت بە هەنگاوەکانی پارتی دیموکراتی گەلان بۆ ئەم هەڵبژاردنەی تورکیا دایەوە.
 
سەبارەت بە بڕیارەکەی هەدەپە و هاوپەیمانانی (هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان) بۆ رانەگەیاندنی هیچ بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان بە بڕیاری دەستنیشاننەکردنی هیچ بەربژێرێک، هەنگاوێکی نا. بەڵام راینەگەیاندووە کە پشتگیری لە کام  بەربژێری پۆستی سەرۆککۆماری دەکات. لەوانەیە لەگەڵ تێپەڕینی کات بڕیار لەسەر ئەمەش بدات، ئێستا بە باشی دەزانێت جارێ هیچ ناوێک نەدات. پێویستە رێز لەمە بگیرێت. منیش ئەم بڕیارە بە دروست دەزانم."
 
هەدەپە داوای دواخستنی دۆسیەی داخرانی پارتەکەی تاوەکو دوای هەڵبژاردن کردبوو، بەڵام ئەمە رەتکرایەوە. دەمیرتاش باسی لەوە کردووە، ئەو دادگەیە بەگوێرەی یاسا بڕیارنادات و هەر بۆیەش پێشبینی بۆ بڕیارەکانی ناکرێت. گوتیشی: "هەڵبەتە لەبەر ئەوەی لەسەر ناوی پارتی سەوزی چەپ (یەسەپە) بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەین، سەختیی زۆر لە رێگەدا هەیە، بەڵام لەو باوەڕەدام لە ماوەیەکی کورتدا چارەسەر دەبێت. دەنگدەرانمان لەو ناچارییە تێدەگەن و خاوەنداریی پارتی سەوزی چەپ دەکەن. لەو باوەڕەدام یەک دەنگیشمان بەفیڕۆ ناچێت."
 
سەبارەت بە ئەگەری نزیکبوونەوەی هەدەپە لە دەسەڵات، دەمیرتاش رایگەیاند، دەسەڵاتی ئێستا هیچ کارتێکی نەماوە تاوەکو بتوانێ لەم 50 رۆژەی بەر لە هەڵبژاردن بەکاری بهێنێت و سوپرایز بۆ دەنگدەری کورد بکات. هەروەها گوتی؛ خۆی و هاوڕێکانی نزیکەی حەوت ساڵە بێ بوونی هیچ تاوانێک زیندانی کراون و جەماوەر ناتوانێ ئەمە لەبیر بکات.  
 
پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) رۆژی 11-3-2023 رایگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری ئەمساڵدا پاڵپشتی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا دەکەن. بەهۆی ئەوەی هوداپار پارتێکی ئیسلامیی کوردییە، پرسیاری کاریگەرییەکانی ئەو هەڵوێستە لەسەر کورد ئاراستەی دەمیرتاش کرا. 
 
دەمیرتاش گوتی: "بابەتی هوداپار بۆ ئێمە تەنانەت شایەنی هەڵوەستە لەسەرکردنیش نییە. هەر کێ دەیەوێ لەگەڵ ئەوە لایەنەی دەیەوێ هاوپەیمانی ببەستێت و ئەمە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە. هەروەها ئەمە بارتەقای گەردیلەیەکیش کاریگەری لەسەر جەماوەری ئێمە و دەنگدەری کورد دروستناکات. خەڵک لەڕێی ئەزموونی تاڵی خۆیەوە دەزانێت کێ چییە و چۆنە. ئەوەی دەمێنێتەوە بەتاڵ و دەمەقاڵێی ناپێویستە."
 
پارتی دۆزی ئازاد ناسراوە بە ھوداپار، پارتێکی ئیسلامی سوننەی کوردییە و رۆژی 19-11-2012 دامەزراوە. تائێستا بەشداری لە چوار هەڵبژاردندا کردووە و زیاتر لە 11 هەزار و 500 ئەندامی هەیە. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کە حوزەیرانی 2018 بەڕێوەچوو؛ هوداپار 157 هەزار و 324 دەنگی هێنا کە 0.31٪ی دەنگەکانی تورکیا بوو. لە هەمان هەڵبژاردندا هەدەپە 5 ملیۆن و 866 هەزار و 309 دەنگی بردەوە کە 11.7%ی دەنگەکانی تورکیایە. هەدەپە لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان 67 کورسیی بەدەستهێنا.