رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی پەیام و بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەی رێبەری پەکەکە قسەیکرد و رەخنەی تووندی لە دەسەڵات گرت بەوەی بۆ سزادانی کورد و ئۆپۆزسیۆن، دادگە بەکاردەهێنێت و بە سیاسیی کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە سێیەمین کۆنگرەی ئاسایی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی دەم پارتی، گوتارێکی پێشکێش کرد.
تونجەر باکرهان، سەرەتا باسی پەیام و بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 25 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە کرد. رایگەیاند، "پەیامی ئازادی و دیموکراسی دەبێت. دوای پەیامەکە نەخشەڕێگەی نوێ بۆ پرۆسەی ئاشتی دێتەکایەوە و پێویستە هەمووان بە بایەخەوە کاری بۆ بکەن لە پێناو سەرخستنی ئەم دەرفەتە زۆر گرنگە."
ئەوەشی خستەڕوو، "دوای بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان، کاری راستەقینەی ئێمە ئەو کات دەستپێدەکات."
رۆژی 19ـی مانگ، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، بڕیارە ئۆجەلان لە کۆتایی مانگ یان سەرەتای مانگی داهاتوو پەیام و بانگەوازەکەی بڵاوبکاتەوە.
تونجەر باکرهان لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا رەخنەی تووندی لە حکومەتی تورکیا گرت و رایگەیاند، "دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە بەهەڵە سیاسەت دەکەن. جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەوە گۆڕانکاری زۆر گەورە دەچن و ناوچەکە خەریکە دیزاین دەکرێتەوە، کەچی دەسەڵاتدارەکانی ئێمە کین و نەفرەتی 100 ساڵەیان لەیاد نەکردووە و بەردەوامن لە سیاسەتی نکۆڵیکردن."
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە بەردەوامی رەخنەکانیدا رایگەیاند، قەیووم لە جۆلەمێرگەوە دەستیپێکرد هەموو تورکیای گرتەوە. فەرمانیان بە پۆلیس دا هێرش بکەنە سەر رەنجدەران کە بۆ داوای مافی خۆیان بایکۆتیان راگەیاندبوو و رێکخەرەکانیشیان رەوانەی زیندانەکان کرد. بەمەش نەوەستان لێکۆڵینەوەیان لە دژی هاوسەرۆکی شارەوانییەکانمان کردەوە و بە دەستی دادگە زیندانی دەکرێن.
راشیگەیاند، "لە سایەی ئەم دەسەڵاتە هەموو رۆژ ژن دەکوژرێت، یاسایەکی تایبەت بۆ پاراستنی ژنان داناڕێژرێت و لە پەیماننامەی ئیستەنبووڵیش بەبێ هۆ کشانەوە. بەم رەفتارەیەوە دەسەڵات زەمینە خۆش دەکات بۆ کوشتنی ژنان. پێویستە دادگە سەربەخۆ و بێلایەن بێت، بەپێچەوانەوە لەسەر ئاستی ناوخۆ متمانە بە دەوڵەت نامێنێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ناوبانگی دەوڵەت لەکەدار دەکات. داوا لە دادگە دەکەین کاری شیاوی خۆی بکات و چاوی لەو فەرمانانە نەبێت کە لە کۆشکەوە بۆی دەچێت."
جەختی لەوەش کردەوە، "رێگە نادەین ئەردۆغان هەڵبژاردن و ئیرادە و دەنگی گەل بخاتە ژێر رکێفی خۆی. سێ خولە میللـەت نوێنەری خۆی هەڵدەبژێرێت ئێوەش قەییومی دەکەن. مێردین، وان، ئاکدەنیز، جۆلەمێرگ تەواوی دەنگی هاونیشتمانییان بۆ نوێنەرانی دەم پارتی بوو چۆن دەسدرێژی دەکەنە سەر ئیرادەی گەل. با شتێکی دیکەتان پێ بڵێم بەڕێز ئەردۆغان، هەموو شتێک لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگ و حیسابی هەڵبژاردن دەیکەن، بەڵام ئێمە سێیەم گەورەترین پارتین بەبێ ئێمە هیچ شتێک ناکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ