رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا لەبارەی پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت، ئاراستەی پەکەکەی دەکات، نەوەک حکومەتی تورکیا.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا راگەیاند، ئەو پەیامەی بڕیارە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ئیمراڵییەوە بڵاویبکاتەوە، بۆ پەکەکەیە، دەشڵێت، ''ئەگەر بانگەوازی کۆتاییهێنان بە تیرۆر بکرێت، گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەکە دەکرێت.''
وەزیری دادی تورکیا جەختیکردەوە، دەیانەوێت دەستووری تورکیا بگۆڕن، گوتیشی: ''دەمانەوێت لە دەستپێکی نوێی 100 ساڵەی تورکیادا بە دەستوورێکی دیموکراسی و مەدەنی بەردەوام بین. پشت بە خودا ئەمە لە پەرلەمان دەستەبەردەکرێت''.
یڵماز تونچ، لەبارەی تەندروستیی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە گوتی: ''هیوای چاکبوونەوەی بۆ دەخوازم. هەتا هەواڵی باشتربوونی ئەومان پێبگات، خۆشحاڵتر دەبین''.
وەزیری دادی تورکیا لەبارەی ئەگەری سەردانی سێیەمی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی ئاماژەی بەوەدا: ''تاوەکو ئێستا داواکاری پێشکێش نەکراوە. ئەگەر داواکاری پێشکێشبکرێت، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین''.
تونچ رایگەیاند، وڵاتەکەی بەدرێژایی 40 ساڵە لەگەڵ پەکەکە لە شەڕدایە و لەو ماوەیەدا بە تریلیۆنەها دۆلار زیانی مادییان هەبووە و چەندین سەربازی وڵاتەکەشی کوژراون.
وەزیری دادی تورکیا جەختیکردەوە، وڵاتەکەی لەو گفتوگۆیانەی سەبارەت بە پرسی کورد دەستیانپێکردووە، هیچ بەرژەوەندییەکی نییە، گوتیشی، ''ئامانجی ئێمە، تورکیایەکی بێ تیرۆرە. هەوڵی ئێمە، بۆ لەنێوبردنی هەموو جۆرێکی تیرۆرە''.
تونج لەبارەی شێوازی بڵاوکردنەوەی پەیامەکە لەلایەن ئۆجەلانەوە باسی لەوە کرد، ''بەگوێرەی یاسای ئێمە زیندانیکراوان ناتوانن پەیامی ڤیدیۆیی بڵاوبکەنەوە. وڵاتەکەمان شتێک ناکات ببێتە هۆی ئازاردانی هەستی کەسوکاری شەهیدانمان''.
وەزیری دادی تورکیا لەبارەی دروستکردنی قەوارەیەکی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان باسی لەوە کرد، وڵاتەکەی رێگە نادات قەوارەیەک لە رۆژئاوای کوردستان دروستببێت، دژی بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە هەنگاو بنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ