رووداو دیجیتاڵ
کەسێک هاوژینەکەی و دوو کچی لەنێو ماڵەکەی لە ئیستەنبووڵ کوشت و دوایی هەڵات.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، کەسێک بەناوی سوات گونەی، هاوژینەکەی بەناوی یاسەمین و هەردوو کچەکەی بە ناوەکانی زەلیها گونەی تەمەن 31 ساڵ و مینە گونەی تەمەن 30 ساڵ، بە گوللـە کوشت و دواتر هەڵات.
رووداوەکە لە یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی یەشیل ڤادی سەر بە ناوچەی فاتیح سوڵتان محەممەد لە ئیستەنبووڵ روویدا. دراوسێیەکانی سوات گونەی دوای بیستنی دەنگی تەقەی زۆر، پۆلیسیان ئاگادار کردەوە.
دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس و ژمارەیەک ئەمبووڵانس، تەرمی ئەو سێ کەسە لە شوقەیەکدا دۆزرایەوە کە هەریەکەیان لانیکەم دوو گوللـەی بەرکەوتبوو.
پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سوات گونەی دەرچووە.
دەزگای ئوموت کە بەدواداچوون و راپۆرتەکانی زیاتر تایبەتن بە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی و کەمکردنەوەی چەک لە دەستی خەڵک، دەڵێت، "لە 211 رۆژی سەرەتای ساڵی 2023دا 1938 رووداو لە تورکیا روویانداوە. 200 کەس تاوانیان بە چەک کردووە؛ 20 کەسیان بە تفەنگ و ئەوانی دیکەش بە دەمانچە بوون".
دەزگای ئوموت جەختی لەسەر زۆربوونی چەکی بێ مۆڵەت کردووەتەوە و دەڵێت، "بەرامبەر هەر چەکێکی بە مۆڵەت، 9 چەکی بێ مۆڵەت هەیە. بە گشتی لە وڵاتەکەماندا 4 ملیۆن چەکی مۆڵەتپێدراو هەیە. ئەمە بەو مانایە دێت کە لە هەر سێ ماڵدا یەکێکیان چەکی لێیە".
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە باکووری کوردستان و تورکیادا رۆژانە 10 کەس دەکوژرێن و 20ی دیکەش بریندار دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ