رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی، وێنەی ئاڵای کوردستان و ئەو وڵاتانەی بڵاوکردەوە، کە لە کاتی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی مەڕەش لە شەشی شوبات، هاوکاری ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی باکووری کوردستان و تورکیایان کرد و سوپاسی ئەو وڵاتانەی کرد.
چەند رۆژێک لەمەوبەر مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و سوپاسی ئەو وڵاتانەی کرد کە لە کاتی بوومەلەرزەکەدا هاوکاری باکووری کوردستان و تورکیایان کرد. لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، چاوشئۆغڵو سوپاسی هەرێمی کوردستانی نەکرد، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان تیمێکی 250 کەسی لە کارمەندانی فریاکەوتن و سەدان بارهەڵگر پێداویستی مرۆیی و ئامێری کاری بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان ناردبوو.
ئەم هەڵوێستەی وەزیری دەرەوەی تورکیا کاردانەوەی بەشێک لە هاووڵاتیان و سیاسەتڤانانی باکووری کوردستان و تورکیای بەدواداهات.
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی، رۆژی چوارشەممە (22ـی شوباتی 2023) وێنەیەکی ئاڵای ئەو وڵاتانەی لە توویتەر بڵاوکردەوە، کە لە کاتی بوومەلەرزەکەدا هاوکاری تورکیا و باکووری کوردستانیان کردووە.
بەپێچەوانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، باباجان ئاڵای کوردستانیشی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "سوپاسگوزاری براکانمانین کە لە رۆژە سەختەکانماندا لە هەموو گۆشەیەکی جیهان دەستی هاوکارییان بۆ درێژکردووین".
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان کە سولەیمان سۆیڵۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاشکرای کرد، "ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاکامی بوومەلەرزەکانی مەڕەش گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 43 هەزار و 556 کەس".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ