تورکیا سێ دەروازەی سنووری لە باکووری کوردستان ناکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە پارێزگای وانی باکووری کوردستانەوە رەخنەی تووندی لە حکومەتی تورکیا گرت و رایگەیاند، حکومەتی ئاکپارتی لە رێگەی نەکردنەوەی دەروازەی سنووریییەکانی وان، جۆلەمێرگ و ئاگری، خەڵکی ناوچەکە سزا دەدات. 
 
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە رۆژی دووشەممە 22ی شوباتی 2021 لە شاری وان بە یاوەری ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی هەدەپە ویستیان بچنە دەروازەی سنووریی کاپی کۆی، بەڵام بەرپرسانی کارگێڕی وان و هێزە ئەمنیییەکانی ناوچەکە رێگریان لە شاندەکەی هەدەپە کرد، بەوهۆیەوە دەمەقاڵی لە نێوان شاندی هەدەپە و بەرپرسانی ناوچەکە روویدا. 
 
پەروین بوڵدان گوتی: "لە کاتێکدا سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی تورکیا کراونەتەوە، نەکردنەوەی دەروازەی سنووریی کاپی کۆی لە وان و ئەسەندەرە "باژرگە" کە دەکەوێتە سنووری کارگێڕی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و شادەماری ئابووریی پارێزگای جۆلەمێرگە، بە جۆرێک لە جۆرەکان سزادانی خەڵکە".  
 
ماوەی یەک ساڵە دەروازەی سنووریی کاپی کۆی لە پارێزگای وان و ئەسەندەرە "باژرگە" لە پارێزگای جۆلەمێرگ و گوربوڵاک لە پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستان، بە پاساوی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا داخراون.
 
دەروازەی کاپی کۆی کە بە دووریی 100 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری وانی باکووری کوردستان هەڵکەوتووە، لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان پێدەگوترێت دەروازەی سنووریی رازییە. لە ساڵی 2019 بە فەرمی کراوەتەوە و  لە 24ی ئاداری 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داخراوە. ئەم دەروازەیە، کە دەکەوێتە سنووری کارگێڕی شاری خۆی لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆڵێکی گرنگی دەگێڕا لە جووڵەی بازرگانیی پارێزگای وان و تورکیا.
 
پارێزگای وان کە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە، یەکێکە لەو پارێزگایانەی باکووری کوردستان کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا و داخستنی دەروازەی سنووریی کاپی کۆی، دۆخی ئابووریی خراپ بووە. بەگوێرەی داتاکان رێژەی بێکاری و هەژاری لەو پارێزگایەدا لە 50% نزیکبووەتەوە.
 
دەروازەی سنووری ئەسەندەرە "باژرگە" کە بە دووریی 40 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارۆچکەی گەڤەری جۆلەمێرگ هەڵکەوتووە و دەکەوێتە سنووری کارگێڕی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە شادەماری ئابووریی پارێزگای جۆلەمێرگ هەژمار دەکرێ. بەر لە داخستنی بەهۆی کۆرۆناوە، ساڵانە 14 هەزار بارهەڵگر و 39 هەزار ئۆتۆمبێل و 724 هەزار گەشتیار لەو دەروازەیە هاتووچۆیان دەکرد. 
 
دەروازەی سنووری گوربوڵاک لە پارێزگای ئاگری، کە دەکەوێتە سەر رێگای ئاوریشم یەکێکە لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکان کە تورکیا بە ئێران و ئاسیای ناوەڕاست دەبەستێتەوە. ئەم دەروازە سنوورییە ساڵی 1937 بە فەرمانی مستەفا کەمال ئەتاتورک دروستکراوە.