پەرلەمانی تورکیا ئەندامبوونی سوێدی لە ناتۆ پەسندکرد

23-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا لە دانیشتنێکی تایبەتیدا خوێندنەوەی بۆ یاداشتنامەی پەسندکردنی ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ کرد و خرایە دەنگدانەوە. لە کۆی 346 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، بە 287 دەنگی بەڵێ و 55 دەنگی نەخێر، ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ پەسندکرا. 

بڕیارەکە لە دوای بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە چاوەڕوان دەکرێت بە زوویی بڵاوی بکەنەوە.
 
ئولف کریستێشۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد پێشوازی لە بڕیارەکەی پەرلەمانی تورکیا کرد و رایگەیاند، ئێستا هەنگاوێک نزیکترن بۆ بوونە ئەندامی ناتۆ.  

ئێستا هەنگاریا دەبێتە تاکە وڵاتی ئەندامی ناتۆ کە هێشتا پاڵپشتیی سوێد ناکات بۆ بوونە ئەندام. ئەگەر پاڵپشتیی ئەو وڵاتەش بەدەستبهێنێت، سوێد دەبێتە 32ـەمین وڵات لەنێو هاوپەیمانیی ناتۆ کە ئەمریکا سەرۆکایەتیی دەکات.

پرۆسەکە چۆن بوو؟

رۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی 2023، بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، یاداشتنامەی پەسندکردنی ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا. سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیاش هەمان رۆژ یاداشتنامەکەی ئاراستەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان کرد.

رۆژی 16ـی تشرینی دووەمی 2023، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا، دەنگدان بە ئەندامبوونی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ بەهۆی پابەندنەبوونی سوێد بە مەرجەکانی تورکیا دواخست.  رۆژی 11ـی کانوونی یەکەمی 2023، لیژنەکە یاداشتنامەی ئەندامێتی سوێد لە ناتۆ پەسندکرد و بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرزکردەوە. 

رۆژی 12ـی ئایاری 2022، فینلاند و سوێد پێکەوە داواکارییان پێشکێش بە ناتۆ کرد بۆ بوونە ئەندام لە هاوپەیمانییە سەربازییەکە. 

رۆژی 28ی حوزەیرانی 2022، کۆبوونەوەی چوار قۆڵی لەنێوان هه‌ریه‌ك له‌ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سه‌رۆکكۆماری توركیا؛ ساولی نینیستۆ، سه‌رۆکكۆماری فینلاند؛ ماگدالینا ئاندەرسۆن سه‌رۆكوه‌زیرانی ئەو کاتی سوێد و یانس ستۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتیی ناتۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەوەیەدا تورکیا رەزامەندیی سەرەتایی نیشاندا بۆ بە ئەندامبوونی سوێد و فینلاند لە ناتۆ، بەڵام بە مەرجی جێبەجێکردنی ژمارەیەک داواکاری کە ئەمانە بوون: 
 
یەکەم: سوێد و فینلاند به‌ڵێنى رێگرى له‌ چالاكییه‌كانى په‌كه‌كه‌ و سه‌رجه‌م رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان و كه‌سانى په‌یوه‌ندیدار دەکەن. 
 
دووەم: سوێد و فینلاند سەرکۆنەی هێرشى تیرۆریستیی سه‌رجه‌م ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستیانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر توركیادا ئه‌نجام دەدرێن. 
 
سێیەم: توركیا، سوێد و فینلاند به‌ مه‌به‌ستى رێگرى له‌ چالاكیه‌كانى رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان، بڕیارى به‌هێزكردنى هاوئاهەنگیی نێوانیان دەدەن. 
 
چوارەم: سوێد و فینلاند لە سەر بنچینەی به‌ڵگه‌ و زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كانى توركیا، خێرا كار له‌سه‌ر دیپۆرتكردنەوەى گومانلێكراوانى تیرۆر یان راده‌ستكردنه‌وه‌یان دەکەن. 
 
پێنجەم: سوێد و فینلاند لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ چالاكییه‌كانى كۆكردنه‌وه‌ى پاره‌ و دۆزینه‌وه‌ى ئه‌ندام بۆ په‌كه‌كه‌ و سه‌رجه‌م درێژكراوه‌كانى دەکەن و قه‌ده‌خه‌یان دەکەن. 
 
شەشەم: سوێد و فینلاند رێگری لە هەموو جۆرە پڕوپاگەندەیەکی تیرۆریستان دژی تورکیا دەکەن. 
 
حەوتەم: سوێد و فینلاند وه‌ك هاوپه‌یمانیى داهاتووى ناتۆ، پشتیوانى له‌ په‌یه‌ده‌/یه‌په‌گه‌ و ئه‌و رێكخراوه‌ ناكه‌ن كه‌ له‌ توركیا به‌ (فه‌تۆ) ناسراوه‌. 
 
هەشتەم: سوێد و فینلاند پشتڕاستی دەکەنەوە گەمارۆ ناخەنە سەر چەکی نیشتمانی و پیشەسازیی بەرگریی تورکیا و سنوورداری ناکەن. 
 
نۆیەم: بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی سەرەوە، کار دەکرێت لەسەر میکانیزمی هاوبەش و هەمیشەیی بە بەشداریپێکردنی دامەزراوەکان داد، هەواڵگریی و ئاسایشی هەر سێ وڵات بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنیان. 
 
دەیەم: توركیا پشتیوانى له‌ سیاسه‌تى ده‌رگاى كراوه‌ى ناتۆ ده‌كات و پشتیوانى خۆى له‌ لووتكه‌ى مه‌درید بۆ بانگهێشتکردنی سوێد و فینلاند بۆ ئه‌ندامێتى له‌ ناتۆ ده‌كات. 
 
یازدەیەم: سوێد ئه‌وه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ 1ى ته‌ممووزەوە یاسایه‌كى نوێ و كاریگه‌رترى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر ده‌خاته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌. 
 
رۆژی 17ی ئاداری 2023، تورکیا رەزامەندی لەسەر بەئەندامبوونی فینلاند دەربڕی و رایگەیاند، "فینلاند مەرج و داواکارییەکانی تورکیای جێبەجێکردووە و نیگەرانییە ئەمنییەکانمانی لەبەرچاو گرتووە، بەڵام سوێد ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە؛ هەربۆیە بەتەنیا مامەڵە لەگەڵ پرسی ئەندامبوونی فینلاند دەکەین". 
 
رۆژی 18ـی ئاداری 2023، بە واژۆی ئەردۆغان، یاداشتنامەی ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا. رۆژی 30ـی ئادار، پەرلەمانی ئەو وڵاتە یاداشتنامەکەی پەسندکرد و رۆژی 2ـی نیسانیش بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوکرایەوە.
 
مانگی حوزەیرانی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، ناوی 120 کەسیان داوەتە حکومەتی سوێد کە لای ئەنقەرە وەک تیرۆریست ناسراون و داوای کرد رادەست بکرێن. 6ی تەممووزی 2023ش هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، "ئەو وڵاتانەی ئارەزووی ئەندامبوون لە ناتۆ دەکەن، مەرجە هەڵوێستێکی پته‌ویان له‌ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هەبێت" و گوتی، "ئەگەر رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک پەکەکە و فەتۆ و پێکهاتەکانی پەیوەندیدار بەوان بتوانن لە شەقامەکانی سوێد خۆپیشاندان بکەن، ئەندام بۆ خۆیان پەیدا بکەن و دەستیان بگات بە سەرچاوەی دارایی، ئەوا هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكان لەو وڵاتەدا بەلای تورکیاوە هیچ واتایەکی نییە".
 
ئابی 2023، لووتکەی ناتۆ لە لیتوانیا بەڕێوەچوو و تێیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان رەزامەندیدا بۆ ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ و رایگەیاند، "لە مانگی تشرینی یەکەمدا وەرزی نوێی پەرلەمان دەستپێدەکات و ئەوانیش دۆسیەکە دەنێرنە ئەوێ، ئەگەر پەرلەمان قبووڵی بکات، ئێمەش لاریمان نابێت".
 
هاوپەیمانیی ناتۆ لە 31 وڵاتی ئەندام پێکدێت. بەگوێرەی بڕگەی 5ی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە؛ هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرش بۆسەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکان وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە