رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەزانێت ئەوان چییان دەوێت. داواش لە هەتەشە دەکات "کێشەی یەپەگە" چارەسەر بکات.
لە دیمانەیەکی دا لەگەڵ میدیای ئەورووپا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە شەڕڤانان و داهاتووی سووریا کرد، گوتی "یەپەگە کەسانێکن لە عێراق، سووریاوە و بەشێکیشیان لە ئەورووپاوە چوونەتە ئەوێ و رێکخراوێکی تیرۆرستیە. پێموایە پێویستە ئەو رێکخراوە چی زووە پەرتەوازە بکرێت. ئێستا لە سووریا ئیدارەیەکی نوێ هەیە. بەڕای من پێویستە ئەوان ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن. یەکێتیی خاک و سەروەریی سووریا ئەمە دەکاتە ناچاری و پێویستە چارەسەر بکرێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها باسی لەوە کرد، ئەگەر ئەو بابەتە بەوجۆرە چارەسەر نەکرا، تورکیا ناچارە ئاسایشی نیشتمانیی خۆی بپارێزێت.
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیش بۆ سەر یەپەگە، فیدان گوتی "ئەوەی پێویست بێت، دەیکەین."
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها باسی لەوە کرد، رووسیا، ئێران و ئەسەد پێشتر زەمینەیەکیان بۆ یەپەگە رەخساند بۆ ئەوەی لەسەری جێگیر بێت، گوتیشی: "ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەورووپایی پشتیوانییان لێی کرد. بەڵام ئێستا ئەو زەمینەیە نەما. ئیدی لە شام دۆخێکی نوێ هەیە. هیوادارم ئیدارەی نوێی شام ئەو بابەتە دەخاتە بەر باس."
هەڵوێستی هەسەدە
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە نوێترین هەڵوێستیدا دان بە هەبوونی ئەندامانی پەکەکە لە ریزەکانی هەسەدەدا دەنێت و دەڵێت، ئەگەر لەگەڵ تورکیا لەسەر ئاگربەست رێکبکەون، هەموو ئەو شەڕڤانانەی خەڵکی دەرەوەی سووریان، وڵاتەکە جێدەهێڵن.
مەزڵووم عەبدی ستایشی شەڕڤانە بیانییەکانی کرد، کە لە 10 ساڵی رابردوودا لە تێکشکاندنی داعش یارمەتیی هەسەدەیان داوە.
هەروەها گوتی، بەشێک لەو شەڕڤانانە لە چەند ساڵی رابردوودا سووریا و رۆژئاوای کوردستانیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، بەڵام هەندێکیان بۆ شەڕی دژی داعش ماون و ئێستا کاتییەتی ئەوانیش بگەڕێنەوە، ئەگەر ئاگربەست رابگەیێندرێت.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لە لایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ