رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی پەرلەمان لە فراکسیۆنی دەم پارتی، بەهۆی تێکچوونی تەندروستییەوە، رەوانەی نەخۆشخانە کرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 22ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە کاتی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی بودجەی گشتیی ساڵی دارایی 2024، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە فراکسیۆنی دەم پارتی، تەندروستی تێکچوو و بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانە کرا.
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، سری سورەیا ئۆندەر بەهۆی زۆر ماندوو بوون و نەخۆشی پێشترییەوە، پەستانی خوێنی زۆر دابەزیوە و ئەوەش بووەتە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی.
لە کاتی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکەی ئەم ئێوارەیەی پەرلەمانی تورکیادا ئۆندەر داوای ناوبڕێکی کورتی کرد و پێی راگەیاندن کە تەندروستیی باش نییە و دوای چەند خولەکێک لەهۆش خۆی چوو.
پزیشکانی نەخۆشخانەی گوڤەن لە ئەنقەرە، دوای ئەنجامدانی پشکنینی سەرەتایی بۆ ئۆندەر، داوایانکرد، ئەمشەو لەژێر چاودێرییدا بمێنێتەوە.
دوای گواستنەوەی سری سورەیا ئۆندەر بۆ نەخۆشخانە، گولیزار بیچەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان لە فراکسیۆنی جەهەپە، کۆبوونەوەکەی بەڕێوەبرد.
سری سورەییا ئۆندەر کێیە؟
سیاسەتڤان، رۆژنامەڤان، نووسەرێکی کوردە
1962 لە سەمسوور لەدایکبووە
بەکالۆریۆسی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئەنقەرە بەدەستهێناوە
چوار خولە پەرلەمانتارە
ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی پارتی کرێکاری تورکیایە
بەهۆی پرۆتێستۆکردنی کۆمەڵکوژیی مەرەش، دوو ساڵ زیندانیکرا
1981 بەهۆکاری سیاسی، سزای 12 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا؛ 7 ساڵ لە زیندان بوو
ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) بوو
2015 ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری چارەسەرکردنی پرسی کورد بوو
بەهۆی گوتارێکییەوە لە نەورۆزی 2018دا 11 مانگ زیندانی کرا
بەتۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە 5 ساڵ قەدەخەی سیاسەتکردنی بەسەردا سەپێندرا
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ