رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە بەربژێری 126 شارەوانیی باکووری کوردستان و تورکیای دیاریکرد.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتەکە، سەبارەت بە دیاریکردنی بەربژێرانی سەرۆکایەتیی گەورە شارەکان، شارەوانیی شارەکان و شارۆچکەکان کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە نزیکەی حەوت کاژێری خایاند و تێیدا بەربژێری 126 شارەوانی دەستنیشانکران، لەوانەش 3 کەس بۆ سەرۆکایەتیی گەورە شارەکان، 6 کەس بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکان و 120 کەس بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارۆچکەکان.
بەربژێرەکان بۆ سەرۆکایەتیی گەورە شارەکان بریتین لە ئیسماعیل سۆنکایا، بەربژێر بۆ سەرۆکی شارەوانیی کۆنیا؛ فەردی زەیرەک، بەربژێر بۆ سەرۆکی شارەوانیی مانیسا؛ جەودەت ئۆنجو، بەربژێر بۆ سەرۆکی شارەوانیی سامسوون.
هەر لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا پێش سەری ساڵ، هەڵبژاردنی نێوخۆیی بۆ بەربژێرەکانی سەرۆکایەتیی بەشێک لە شارەکانی پارێزگاکانی ئادانا، مێرسین، هاتای، ئەسکیشەهیر، ئیزمیر، ئایدن و ئەنتاڵیا بکرێت، بەهۆی بوونی زیاد لە بەربژێرێک لەو شارانەدا.
دەستنیشانکردنی بەربژێری شارە گەورەکان بۆ سەرجەم پارتە سیاسییەکان ئاسان نییە، بەهۆی هەبوونی ژمارەی زۆر بەربژێرەوە. پارتەکان هەوڵ دەدەن ئەو کەسانە بەربژێر بکەن کە لای خەڵک ناسراون.
رۆژی 14ـی مانگ، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە، هەریەک لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی بۆ سەرۆکایەتی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ؛ مەنسوور یاڤاشی بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە؛ مستەفا بۆزبەی بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانی بورسا؛ ئەحمەد ئاکنی بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی باڵکئەسیر و تانژو ئۆزجانی بۆ گەورەشارەوانیی بۆڵو دەستنیشانکرد.
هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بۆ ئۆزگور ئۆزەل، یەکەم تاقیکردنەوە دەبێت و دەیەوێت گەورە شارەوانییەکانی ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ بباتەوە کە لە هەڵبژاردنی 2019دا لە دەست ئاکپارتی سەندبوو. لە بەرامبەردا ئاکپارتی زۆر بە جیدی کار دەکات بۆ ئەوەی هەردوو گەورە شارەوانییەکە لە جەهەپە بسەنێتەوە.
لە هەڵبژاردنی 2019دا هەدەپە داوای لە دەنگدەر و لایەنگرانی کرد لە بەشێک لە شارە گەورەکانی تورکیادا پاڵپشتی لە بەربژێرەکانی هاوپەیمانیی میللەت بکەن و ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی بەربژێرەکانی جەهەپە بتوانن ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە ببەنەوە.
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکە هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورە شارەوانی، جەهەپە 11 گەورە شارەوانی، هەدەپە سێ گەورەشارەوانی و مەهەپە یەک گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا 3 گەورە شارەوانی، 5 شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەست ماوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ