لە 11 مانگدا نزیکەی 47 ملیۆن گەشتیار چوونەتە باکووری کوردستان و تورکیا

22-12-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە 11 مانگی ئەم ساڵدا نزیکەی 47 ملیۆن گەشتیاری بیانی چوونەتە باکووری کوردستان و تورکیا.
 
ئەمڕۆ هەینی، 22ـی کانوونی یەکەمی 2023، وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا بڵاویکردەوە، لە 11 مانگی ئەم ساڵدا 46 ملیۆن و 730 هەزار و 491 گەشتیاری بیانی بۆ گەشتکردن چوونەتە باکووری کوردستان و تورکیا و ئاماژە بەوەش دەکات، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، چوونی گەشتیاری بیانی 10.82٪ زیادیکردووە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، گەشتیارانی رووسیایی لە ریزبەندی یەکەمدان و لەو 11 مانگەدا 6 ملیۆن و 80 هەزار و 414 گەشتیاری رووسیایی چوونەتە باکووری کوردستان و تورکیا؛ گەشتیاری ئەڵمانیایی بە 5 ملیۆن و 960 هەزار و 117 کەس لە ریزبەندی دووەمدان؛ گەشتیارانی بەریتانیایی بە 3 ملیۆن و 763 هەزار و 471 کەس لە ریزبەندی سێیەمدان؛ گەشتیارانی بولگاری لە ریزبەندی چوارەم و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش لە ریزبەندی پێنجەمدا دێن. 
 
وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا باس لەوە دەکات، لە تشرینی دووەمدا 2 ملیۆن و 533 هەزار و 94 گەشتیاری بیانی بۆ گەشتکردن چوونەتە باکووری کوردستان و تورکیا و بەراورد بە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، ژمارەیان بە رێژەی 1.2٪ کەمیکردووە. 
 
لە تشرینی دووەمدا زۆرترین گەشتیار چووبنە تورکیا، گەشتیاری رووسیایی بوون. ریزبەندییەکانی ئەو مانگە بەمشێوەیە بوو؛ 245 هەزار و 493 گەشتیاری رووسیایی؛ 244 هەزار و 32 گەشتیاری ئەڵمانیایی؛ 222 هەزار و 884 گەشتیاری بولگاری و گەشتیارە پۆڵەندییەکان و هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێرانیش لە ریزبەندی چوارەم و پێنجەمدا بوون.
 
31ی تەممووزی 2023 محەممەد نوری ئەرسۆی، وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا رایگەیاند، داهاتی شەش مانگی کەرتی گەشتیاری 21.7 ملیار دۆلار بووە و بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 17.5٪ زیادیکردووە؛ باسی لەوەشکرد ئامانجیان ئەوەیە تا کۆتایی وەرزی گەشتوگوزاری، داهاتی ئەو کەرتە بگەیێننە 56 ملیار دۆلار. ئەوە لە کاتێکدایە کۆی گشتیی داهاتی گەشتوگوزار لە ساڵی رابردوودا 46.6 ملیار دۆلار بوو.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا، پار 46 ملیۆن و 164 هەزار و 954 گەشتیاری بیانی چووبوونە باکووری کوردستان و تورکیا؛ ساڵی 2021یش ژمارەی ئەو گەشتیارە بیانییانەی سەردانی تورکیا کردبوو 30 ملیۆن و 93 هەزار و 446 و لە ساڵی 2019یش 26 ملیۆن و 524 هەزار و 111 گەشتیار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە