بانکی ناوەندیی تورکیا سوودی بانکی رادەگەیێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە دوایین بڕیاری ئەمساڵی لەبارەی رێژەی سوودی بانکی رادەگەیێنێت؛ پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن رێژەی سوودی بانکی دەستکاری نەکرێت و لە 9%دا بە جێگیری بهێڵدرێتەوە.
 
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 22ی کانوونی یەکەمی 2022 دوانزەیەمین و دوا کۆبوونەوەی ئەمساڵی بە سەرۆکایەتیی شەهاب کاڤجیئۆغڵو، سەرۆکی بانکی ناوەندی دەکات.
 
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، بانکی ناوەندی لە کاژێر 14:00دا بڕیاری خۆی لەبارەی رێژەی سوودی بانکی لە تورکیا ئاشکرا دەکات.
 
بەگوێرەی راپرسییەکی بانکی ناوەندیی تورکیا، پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندی سوودی بانکی لە 9%دا بە جێگیری بهێڵێتەوە.
 
بەگوێرەی راپرسییەکی ئاژانسی فەرمیی تورکیا، کە بە بەشداریی 14 شارەزای ئابووری ئامادە کراوە، پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندیی تورکیا سوودی بانکی دەستکاری نەکات.
 
لە راپرسییەکی بلومبێرگدا کە بە بەشداریی 18 دامەزراوەی ئابووری ئامادە کراوە، هەمان پێشبینی بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە تورکیا کراوە. بانکی ناوەندیی تورکیا مانگی رابردوو سوودی بانکیی لە 10.50% بۆ 9% کەمکردەوە.
 
سوودی بانکی لە تورکیا لە سەرەتای ساڵی 2021دا 17% بوو. بانکی ناوەندیی تورکیا لە 18ی ئاداری 2021دا ئەو رێژەیەی 17%ەوە بۆ 19% بەرزکردەوە و دواتر لە پێنج کۆبوونەوەدا ئەو رێژەیەی جێگیر کرد.
 
لە 23ی ئەیلوولی 2021 بانکەکە رێژەی سوودی بانکی لە 19%ەوە بۆ 18% کەمکردەوە. لە 21ی تشرینی یەکەمی 2021دا رێژەی سوودی بانکی بۆ 16% و لە 18ی تشرینی دووەمیشدا رێژەکەی لە 16%ەوە بۆ 15% کەمکرایەوە. 
 
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی 16ی کانوونی یەکەمی 2021 سوودی بانکی لە 15%ـەوە بۆ 14% کەمکردەوە و تاوەکو کۆبوونەوەی 21ی تەمموزی 2022 بۆ حەوتەمینجار لەسەر یەک سوودی بانکی لە رێژەی 14%دا بە جێگیری هێشتەوە.
 
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی 18ی ئابی 2022 لە هەشتەمین کۆبوونەوەیدا رێژەی سوودی بانکی لە 14% ـەوە بۆ 13٪ و لە نۆیەمین کۆبوونەوەیدا کە رۆژی 22ی ئەیلول ئەنجامیدا، سوودی بانکی بۆ 12٪ کەمکردەوە. لە دەیەمین کۆبوونەی ئەمساڵیدا کە رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2022 ئەنجامیدا سوودی بانکی بۆ 10.5٪ کەمکردەوە و لە یانزدەیەمی کۆبوونەوەیدا کە رۆژی پێنجشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2022 بەڕێوەچوو، رێژەکەی بۆ 9٪ کەمکردەوە.