گوتەبێژی دەم پارتی: شەڕ هیچ شتێکی بە تورکیا نەبەخشیوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێت، شەڕوپێکدادان هیچ شتێکی بە تورکیا نەبەخشیوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی تورکیا دەیەوێت بە دانانی قەییوم بەربەست بۆ چارەسەری پرسی کورد دروستبکات.
رۆژی هەینی، 22-11-2024، ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی). لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی چەند پرسێک قسەی کرد.
دۆغان گوتی، دانانی قەییوم کاریگەری لەسەر ئەگەری دەستپێکردنی چارەسەرکردنی پرسی کورد دروست دەکات و گوتی، ''لە کاتێکدا هەلێکی وەها هاتووەتە پێشەوە، هەندێک مشتومڕ دەستیانپێکردووە و لای خەڵک چاوەڕوانییەک دروستبووە، بەڵام کەسانێک دەیانەوێت لە رێگەی قەییوومەوە ئەو چاوەڕوانییە نەهێڵن''.
گوتەبێژی دەم پارتی گوتی، شەڕوپێکدادان چارەسەری کێشەکان ناکات و رایگەیاند، ''بەدرێژایی سەد ساڵ بینیمان کە شەڕ جگە لە مردن، ئازار، فرمێسک و بەهەدەردانی سەرچاوەکانی وڵات، هیچ شتێکی دیکەی نەهێنا''.
دۆغان سەبارەت بە هەنگاونان بە ئاراستەی پڕۆسەی چارەسەری، گوتی، ''یەک ئەگەر هەیە، گرنگترین رێگە بۆ دروستکردنی ئەو ئەگەرەش هەڵگرتنی گۆشەگیرییە لەسەر (عەبدوڵڵا ئۆجەلان). لەوێوە دەستپێبکرێت و دۆخێک بڕەخسێندرێت کە بەڕێز ئۆجەلانیش بتوانێت تێیدا بەشدار بێت''.
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت دەنگی ئەوانە ببیسترێت کە لەگەڵ ئاشتی و چارەسەردان و دەیانەوێت تورکیایەکی یەکسان، سەربەخۆ و دیموکرات بنیاد بنرێت و گوتی، ''بە هەنگاوی سیاسی و کرداری، وەڵامی ئەو دەنگە بدەنەوە نەوەک بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دژەدیموکراسی و سیاسەتەکانی چارەسەرنەکردن''.
رۆژی دووشەممە 04-11-2024، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی مێردین، شارەوانیی ئێلیهـ و شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان دانرا؛ ئەمڕۆش بۆ شارەوانیی دێرسم دانرایەوە.
دەوڵەت باخچەلی سەرەتای مانگی رابردوو لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی تەوقەی کرد و رۆژی 22-10-2024ـش لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیێنێت.
دوای ئەوە شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کۆتایی پێ بێنێت کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە.