لە ئانتاڵیا دوو کرێکاری سووریایی لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەست دا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە شارۆچکەی ئالانیای سەر بە پارێزگای ئانتاڵیای تورکیا، کێبڵی کارەبای کێڵگەیەکی مۆز بەسەر دوو کرێکاری سووریایی کێڵگەکە کەوتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانیان لەدەست دا. لەسەر ئەو رووداوە دوو کەس دەستگیرکران.
 
شەوی چوارشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2024 لە کاتێکدا کرێکاران لە کێڵگەیەکی مۆز لە شارۆچکەی ئالانیا کاریان دەکرد، کێبڵی کارەبای ئەو سیستمە پچڕا کە بۆ هەڵگرتنی مۆز دروست کرابوو، بەو هۆیەوە دوو کرێکار کە هاووڵاتی سووریا بوون گیانیان لەدەست دا و دوو کرێکاری دیکەش بریندار بوون.
 
دوای رووداوەکە لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد و خاوەنی کێڵگەکە و ئەو شۆفێرەی سیستمەکەی بەکاردەهێنا دەستبەسەرکران. 
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2024، دوای تەواوبوونی رێوشوێنە یاساییەکان لە فەرماندەیی جەندرمە، دوو کەسە دەستبەسەرکراوەکە رەوانەی دادگە کران و بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو کرێکارەی خەڵکی سووریا کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەست داوە، یەکێکیان ناوی محەممەدە و تەمەنی 35 ساڵە، ئەوەی دیکەشیان ناوی مەولوودە و تەمەنی 39 ساڵە.
 
ئەو دوو کرێکارەی لە رووداوەکەدا بریندار بوون، تائێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.