لایەنە سەرەکییەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بۆ یەکەمجار لە چارەسەریی پرسی کورد دا هاوڕان

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی 01-10-2024 تەوقەکردنی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لەگەڵ بەرپرسانی دەم پارتی، رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایەوە بەرباس.
 
رۆژی سێشەممە 22-10-2024ش باخچەلی لە گوتاری فراکسیۆنی مەهەپە لە پەرلەمان هەنگاوێک زیاتر بەو ئاراستەیە رۆیشت و داوای لێکرد کە ئەگەر گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان هەڵگیرا بچێتە پەرلەمان و کۆتاییهێنان بە 'تیرۆر' رابگەیێنێت.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، "ئەگەر گۆشەگیری لەسەر رێبەری تیرۆریست هەڵگیرا، با بێت بۆ پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت، تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە."
 
 
کەمێک دوای ئەو گوتەیە، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی بابەتەکە قسەی کرد. تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، "دەبێت گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجەلان هەڵبگیرێت. با گۆشەگیری هەڵبگیرێت، با بەڕێز ئۆجەلان بێتە دەرەوە، قسە بکات و هەموومان پێکەوە بزانین باسی چی دەکات. پێویستە هەنگاوی دەستبەجێ بۆ ئەم مەبەستە بنرێت."
 
سەرۆککۆماری تورکیاش لە کۆبوونەوەیەکی پارتەکەیدا پشتگیریی خۆی بۆ هەڵوێستەکەی باخچەلی نیشاندا.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "دەمانەوێت هەمووان بزانن کە لە داهاتووی تورکیادا شوێنێک بۆ تیرۆر و تاریکیی تیرۆر نییە. هیوادارم ئەو پەنجەرەیەی کە دەرفەتێکی مێژووییە و لەلایەن هاوپەیمانیی جمهوورەوە کراوەتەوە، نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تاکە کەسی. دەمانەوێت دامەزراوە سیاسییەکان، پەرلەمان، کۆمەڵگەی مەدەنی، راگەیاندن، ئەکادیمییەکان و تەواوی خەڵک بەیەکەوە تورکیایەکی دوور لە تیرۆر و تووندوتیژی دابمەزرێنین."
 
سەرۆکی جەهەپەش لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە گرتووخانەی ئەدیرنە کۆبووەوە و دواتر باسی لە هەوڵەکانی چارەسەری پرسی کورد کرد.
 
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، "ئەگەر کەسانێک ئەم جۆرە بانگەوازانە بکەن کە هەرگیز چاوەڕێمان نەدەکرد، ئەمە شتێک نییە رەتی بکەینەوە. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت هەنگاوی دروستە لە بەرژەوەندیی تورکیا. جەهەپە لەم بابەتەدا نابێتە ئاستەنگ."
 
یەکێک لە پارێزەرانی ئۆجەلان بە رووداوی گوت، 44 مانگە هەواڵیان لەبارەی ئۆجەلانەوە نییە.
 
ئیبراهیم بیلمەز، پارێزەری ئۆجەلان ئەوەی بە رووداو گوت، "ئەگەر هەنگاوی پێویست بنرێت، بەڕێز ئۆجەلان و زیندانییانی هاوشێوە ئازاد دەکرێن."
 
 
یەکەمجارە لایەنە سەرەکییەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیادا لە بابەتی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورددا هاوڕان؛ بەڵام هیچ وردەکارییەک بە فەرمی رانەگەیێندراوە.
 
 
.