باخچەلی دەڵێ با ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیێنێت

22-10-2024
A+ A-
رووداو یجیتاڵ 
 
دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتی مەهەپە رایگەیاند، ئەگەر گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت، دەبێت بێتە پەرلەمان و لە بڵێت، "تیرۆر بەسەرچووە و رێکخراوی تیرۆریستی هەڵوەشاوەتەوە".
 
لە گوتاری هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا، دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا رایگەیاند، تورکیا پێویستی بە پرۆسەیەکی نوێ نییە، بەڵکو پێویستی بە هزری هاوبەش و هەنگاوی دروست و لە دڵەوەیە، هەروەها پێویستی بە هەڵوێستی دژی سەپاندنی دەرەوەیە.
 
دەولەت باخچەلی دەڵێت "پێویستمان بە پتەوکردنی برایەتیی هەزار ساڵەیە... کێشەی تورکیا کورد نییە، بەڵکو رێکخراوی تیرۆریستیی دابەشکارە". 
 
هەروەها دەڵێت "لەگەڵ چارەسەرکردنی یەک بە یەکی کێشەی برایانی کوردم، هەڵبەتە ئەوەش ناچارییە". 
 
باخچەلی جەختدەکاتەوە لەوەی، "نابێت هیچ برایەکی کوردم کە لەم وڵاتە دەژی، وەکو کێشە نیشان بدرێت، هەر کەسێک بڵێت کێشەی کورد هەیە، پروپاگەندەیەکی هاوبەشە کە کورد وەکو کێشەیەک دەبینن، بەڵکو ئەمە درۆیەکە". 
 
بە بڕوای سەرۆکی مەهەپە، "دەبێت پرسی کورد لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت" بۆ ئەمەش دەبێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان "بێتە پەرلەمان و نەهێشتنی پەکەکە رابگەیەنێت".
 

 

دەقی گوتەکانی دەولەت باخچەلی:
 
ئەگەر گۆشەگیری لەسەر رێبەری تیرۆریست هەڵگیرا، با بێت بۆ پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر بە تەواوی کۆتایی هاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە. ئەگەر بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەم هەڵوێستە نیشان بدات، ئەوا رێسای یاسایی سەبارەت بە بەکارهێنانی مافی هیوا دابنرێت و رێگەی سوودمەندبوونی لێی، بە فراوانی کراوە بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە