فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ یەکەمی ئەورووپایە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ بەراورد بە تەواوی فڕۆکەخانەکانی ئەورووپا زۆرترین گەشتی رۆژانەی هەبووە.
 
عەبدولقادر ئورالئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، لە  ئێکس ئاماری رۆژی 21ی ئەیلوولی دامەزراوەی رێکخستنی ئەوروپا بۆ سەلامەتی گەشتی ئاسمانیی  (Eurocontrol)بڵاوکردەوە و رایگەیاند، فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ یەکەمی سەر ئاستی ئەورووپایە لە زۆرترین گەشتی ئاسمانی رۆژانەدا.
 
بەپێی راپۆرتەکە، لە رۆژانی 9 بۆ 15ی ئەیلوولدا فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ رۆژانە هەزار و 488 گەشتی ئاسمانی تێدا کراوە. فڕۆکەخانەی ئەمستردام بە هەزار و 455 گەشت لە پلەی دووەم دێت، فڕۆکەخانەی پاریس چارلس دێگۆل بە هەزار و 436 گەشت لە ریزبەندی سێیەم، فڕۆکەخانەی هێسرۆی لەندەن بە هەزار و 358 گەشت لە ریزبەندی چوارەم و فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت بە هەزار و 356 گەشت لە پلەی پێنجەم دێت. فڕۆکەخانەی ئەنتاڵیا-ش بە 949 گەشت لە پلەی 10دایە.
 
عەبدولقادر ئورالئۆغڵو ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ لەسەر ئاستی جیهاندا لە هەموو روویەکەوە حەوتەم باشترین فڕۆکەخانەی جیهانە. 
 
لە راپۆرتەکەی دامەزراوەی رێکخستنی ئەوروپا بۆ سەلامەتی گەشتی ئاسمانیی  (Eurocontrol)ئەوەش خراوەتەڕوو لە 9-15ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا، رۆژانە بە تێکڕا سێ هەزار و 735 گەشتی ئاسمانی لە فڕۆخانەکانی تورکیا کراون.
 
وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا باسی لەوەشکرد، بەپێی ئاماری Eurocontrol فڕۆکەخانەکانی تورکیا لە رووی پابەندی بە کاتی گەشتە ئاسمانییەکان لە پلەی یەکەمدان. بەوپێیە لە فڕۆکەخانەکانی تورکیادا زۆرترین دواکەوتن لە گەشتە ئاسمانییەکاندا بە تێکڕا تەنیا 30 چرکە بووە. ئەمە لە کاتێکدایە لە سەرانسەری ئەورووپادا ماوەی دواکەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان بە تێکڕا 2.27 خولەک بووە.