وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەغدایە


رووداو دیجیتاڵ 

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە بەغدا و بڕیارە ژمارەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات. 
 
بڕیارە هاکان فیدان ئەمشەو لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆببێتەوە و کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان دەبێت. 
 
رۆژی چوارشەممە 23-08-2023، فیدان لە بەغدا بەجیا لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە. هەروەها چاوی بە نوێنەری تورکمانەکانیش دەکەوێت. 
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی سەردانەکەوە دەڵێت، "لەم سەردانەدا، هاوئاهەنگییەکانمان لەگەڵ عێراق و پەیوەندییە هەمەچەشنەکان دەخرێنە بەرباس و لێکۆڵینەوە. تۆکمەکردنی زیاتری پەیوەندییەکان و تیشکخستنە سەر دوایین پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان، رۆژەڤی سەرەکیی دیدار و کۆبوونەوەکانی وەزیرمان دەبێت." 
 
کۆبوونەوەکانی بەرپرسە باڵاکەی تورکیا تەنیا لە بەغدا نابن و رۆژی پێنجشەممە دێتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بەجیا کۆدەبێتەوە. 
 
ئەمە یەکەم سەردانی هاکان فیدان دەبێت وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، دوای وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەی لە رۆژی 3ی حوزەیرانی 2023. پێشتر لە رۆژی 8ی کانوونی دووەمی 2017، هاکان فیدان وەک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی تورکیا (میت) بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومەتی تورکیا بەسەرۆکایەتیی بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی حکومەتی تورکیا سەردانی هەولێری کردبوو.