رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو 9 گەنجە دەستیپێکرد کە لە پارێزگای مێرسینی تورکیا، هەڵپەڕکێیان لەگەڵ گۆرانیی کوردی کرد و هاواریان دەکرد 'بژی سەرۆک ئابۆ' و، دەستگیرکران.
ئەو گەنجانە رۆژی یەکشەممە 21-7-2024 لە کەناراوێکی مێرسینی تورکیا لەکاتی شایی و هەڵپەڕکێدا درووشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ'یان گوتەوە، رۆژی دووشەممە دەستگیرکران.
گرتەی ڤیدیۆیی ئەو گەنجانە کە نزیکەی 15 کەس دەبن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە خێرایی بڵاوبووەوە و ناڕەزایی بەشێک لە تورکەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند "گرووپێک لە شایی و هەڵپەڕکێدا مارشی رێکخراوی تیرۆستیی جوداخوازیان گوتووەتەوە و درووشمیان لەسەر سەردەستەی ئەو رێکخراوە گوتووەتەوە. لە ئەنجامی لێپرسینەوەکەدا ناسنامەی 9 لەو گەنجانە دەستنیشانکرا و دەستگیرکران."
ئەمە لەکاتێکدایە ئۆپەراسیۆن بۆ دەستگیرکردنی دوو کەسی دیکەش درێژەی هەیە.
وەزیری دادی تورکیا گوتنەوەی 'بژی سەرۆک ئاپۆ'ـی بە هەوڵ بۆ تێکدانی یەکێتی و پێکەوەیی ناوبردووە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شوباتی 1999ـوە لە گرتووخانەی ئیمراڵی بەندکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ