رێککەوتنی بازرگانیی دانەوێڵە لەنێوان رووسیا، ئۆکراینا و تورکیا لە ئیستەنبووڵ واژۆ دەکرێت


رووداو-هەولێر

رووسیا و ئۆکرانیا بە میوانداریی تورکیا و بە هاوئاهەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتنێک بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەشەوە واژۆ دەکەن. 
 
نووسینگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، کاژێر 16:30 خولەکی رۆژی هەینی 22ـی تەمموزی 2022  رێککەوتنەکە لە نێوان شاندەکانی ئۆکرانیا و رووسیا، بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئۆفیسی دۆڵمەباخچە واژۆ دەکرێت. 
 
بەو رێککەوتنەی رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ واژۆی دەکەن، رێڕەوێکی سەلامەت لە دەریای رەشدا دروست دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت دانەوێڵەی ئۆکراینا لە بەندەری ئۆدێساوە بە دەریای رەشدا بگوازرێتەوە.
 
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 21ـی تەمموزی 2022 لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "لە ئەنجامی هەوڵە دیبلۆماسییەکانمان بە سەرکردایەتیی سەرۆکەکەمان، سبەی لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان یەکەم هەنگاو دەنێین بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی خۆراک، کە کاریگەری لەسەر هەموو جیهاندا هەیە."
 
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پێشوازی لەو رێککەوتنە دەکەن کە بە میوانداری تورکیا واژۆ دەكرێت و رایگەیاند: "ئێمە ماندووبوونی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و هەوڵەكانی هاوپەیمانە توركییەكانمان بەرز دەنرخێنین".
 
رۆژی پێنجشەممە 21ـی تەممووز، وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، رۆژی هەینی خولێکی نوێی دانوستاندن بە سەرۆکایەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان له تورکیا بەڕێوەدەچێت بۆ نەهێشتنی کۆسپەکانی بەردەم هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا.