رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی هەڵبژاردەی تورکیا بەرامبەر هەڵبژاردەی پۆرتوگال شکستی هێنا، پەرلەمانتارێکی پێشووی هەدەپە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی 'بژی پۆرتوگال' و ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.
لە یاریی نێوان تورکیا و پۆرتوگال کە ئێوارەی رۆژی شەممە 22-6-2024 لە جامی یۆرۆ کرا، پۆرتوگال بە سێ گۆڵی بێ بەرامبەر سەرکەوتوو بوو.
لە دوای تەواوبوونی یارییەکە فەرهاد ئەنجو، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە زمانی کوردی نووسی (بژی پۆرتوگال).
ئەوە کاردانەوەی لە دژی فەرهاد ئەنجو، هەدەپە و دەم پارتی بەدوای خۆیدا هێناوە.
فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری خولی 26ـی پەرلەمانی تورکیا بوو لەسەر لیستی هەدەپە.
بوڵەنت توران، یاریدەدەری وەزیری نێوخۆی تورکیا هەر لە ئێکس وەڵامی ئەو ئێکسەی داوەتەوە و رایگەیاندووە، فەرهاد ئەنجو ئەو کارەی بە ئامانجی گێرەشێوێنی کردووە.
توران هەروەها نووسیویەتی "ئەوانەی لە لیستی قەندیلەوە چوونەتە هەڵبژاردن، تەنیا رێنمایی ئاغاکانیان جێبەجێ دەکەن. تەنانەت لە رکابەرییەکی وەرزشیشدا لە دژی ئەم وڵاتە دەوەستنەوە و بیر لە ئەگەری دروستبوونی شەڕ و ئاژاوە ناکەنەوە."
توران هەروەها دەڵێت "ئەو پەکەکەیەی ساڵانێکە 'بژی'ـتان بۆ بەکارهێنا، ئەمڕۆ وا لە پەلەقاژەی مەرگدایە. بە پۆرتوگالی گوتووە بژی. ئەوان بەمجۆرە کۆدیان بۆ دانراوە. پەکەکە کاری لە جگەریان کردووە. لەبری ئەوەی چاوەڕێی گۆڕانیان بکرێت، چێژبەخشترە ئەوکاتە سەیریان بکەن کە دەخرێنە زبڵدانی مێژوو".
یاریدەدەری وەزیری نێوخۆی تورکیا هەروەها رایگەیاندووە، بەرپرسانی هەدەپەش ئەگەر بێدەنگ بن، هاوبەشن لە بڵاوکردنەوەی ئەو پۆستە.
هەروەها ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر وەڵامی ئێکسەکەی فەرهاد ئەنجوی داوەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، ئەو پەرلەمانتاری خانەنشینە و لەو باجەی خەڵکی تورکیا دەیدەن، مووچە وەردەگرێت.
سەرۆکی پارتی زافەر چەند دەستەواژەیەکی نەشیاوی لە بەرامبەر ئەنجو بەکارهێناوە و رایگەیاندووە، هاوپەیمانیی نهێنی و ئاشکرا لەگەڵ دەم پارتی، خیانەتە.
ئەمە لەکاتێکدایە لە شارەکانی ئەورووپاشدا بەشێک لە کوردان هانی هەڵبژاردەی پرتۆوگالیان لە دژی تورکیا دەدا.
لە چەند شوێنێکدا ئاڵای کوردستان و ئاڵای پرتۆوگال لە نزیک یەک بینران و پیرۆزبایی لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی کرا.
یارییەکەی نێوان تورکیا و پۆرتوگال لە چوارچێوەی یاریی دووەمی کۆمەڵەی ئێف لە یاریگەی BVBـی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
پرناردۆ سیلڤا لە خولەکی 21 گۆڵی یەکەمی بۆ پۆرتوگاڵ تۆمارکرد. لە خولەکی 28 یاریزان سەمەد ئاکایدن بە هەڵە گۆڵێکی لە خۆیان تۆمارکرد. گێمی یەکەم بە دوو گۆڵی خاوێن بۆ پۆرتوگال کۆتاییهات.
لە گێمی دووەمدا برۆنۆ فرناندێز لە خولەکی 56 گۆڵی سێیەمی بۆ پۆرتوگال تۆمارکرد و یارییەکە بە سێ گۆڵی بێ بەرامبەر کۆتایی هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ