ئەردۆغان و محەممەد بن سەلمان پەیوەندییەکانی تورکیا و سعودیە تاوتوێدەکەن

22-06-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای دابڕانێکی 4.5 ساڵ، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە ئەنقەرە.
 
محەممەد بن سەلمان و شاندی یاوەری لەلایەن فوئاد ئۆکتای، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەوە پێشوازیی لێکرا. دواتر لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا لە کۆشکی کۆماری، لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشوازییان لێکرا. ئەردۆغان و بن سەلمان بەشداری لە کۆبوونەوەی شاندی هەردوو وڵاتدا دەکەن.
 
رۆژی 28-29ی نیسانی 2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لەسەر بانگهێشتی سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودیە، بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە شاری جیددە.
 
رۆژی 10ی ئایاری 2022، ئەردۆغان لە کاتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەممەد بن سەلمان پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکرد.
 
ئەردۆغان بەر لە سەردانەکەی بۆ سعودیە، بە میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، سەردانەکەی لە رووی مێژوویی، کولتووری، مرۆیی، دەرخەری ئیرادەیەکی هاوبەشی نێوان دوو "وڵاتی برایە" بۆ دەستێپکی قۆناخێکی نوێ لە پەرەپێدانی کاری هاوبەش. 
 
سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سعودیە یەکەم سەردان بوو لە دوای رووداوەکانی کوشتنی جەمال خاشقچی، رۆژنامەڤانی سعودی و نووسه‌ری رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست لە رۆژی 2ی تشرینی یەکەمی 2018 لەنێو باڵەخانەی کۆنسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ.
 
قەیرانی سعودیە، ئیمارات، بەحرەین و میسر لەگەڵ قەتەر لە رۆژی 5ی حوزەیرانی 2017، یەکێک بوو لە هۆکارەکانی تێکچوونی پەیوەندییەکانی تورکیا و سعودیە بەهۆی ئەوەی تورکیا پاڵپشتیی لە قەتەر کرد و دژی سیاسەتیی ئەم چوار وڵاتە وەستایەوە. 
 
هەروەها رووداوی کوشتنی جەمال خاشقچی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی گەیاندە بنبەست و و پەیوەندییەکان لەخوار ئاستی هەڵسوڕێنەرانی باڵیۆزەکان دابەزی.  
 
خراپیی پەیوەندییەکان کاریگەریی نەرێنی خستە سەر پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی تورکیا، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2015 تورکیا بە بڕی 12.74 ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی سعودیە کردووە. ساڵی 2016 بۆ 12.6 ملیار دۆلار، ساڵی 2017 بۆ 11.31 ملیار دۆلار، ساڵی 2018 بۆ 10.04 ملیار دۆلار، ساڵی 2019 بۆ 9.47 ملیار دۆلار و ساڵی 2020 بۆ 2.23 ملیار و ساڵی 2021 بۆ 1.01 ملیار دۆلار دابەزیوە.  
 
هەر بەهۆی خراپیی تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و ریاز، پەیوەندییەکان جگە لە کوەیت و قەتەر لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی کەنداو و میسریش تێکچوو. ئەم وڵاتانە دەستیانکرد بە بایکۆتکردنی کاڵای تورکی و بەمەش تورکیا نزیکەی 46 ملیار دۆلار هەناردەی کەمبووەوە. 
 
ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و ریاز دوای پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەردۆغان و شا سەلمان دەستیپێکرد، دوای ئەوەی ئەردۆغان پیرۆزبایی سەرکەوتنی بەڕێوەبردنی سعودیە بۆ لووتکەی کۆبوونەوەکان G20 لە ساڵی 2020 ئەنجامدا. تورکیا بەنێوەندگیریی ئیمارات و کوێتەوە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە دا و لە مانگی تشرینی دووەمی 2021 مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی ریازی کرد. 
 
رۆژی 7ی نیسانی 2022، دادگەی سزا قورسەکانی ئیستەنبوڵ بڕیاری راگرتنی دۆسیه‌ی كوشتنی جه‌مال خاشقجی رۆژنامەڤانی سعودی و نووسه‌ری رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی دا كه‌ تێیدا 26 تۆمه‌تبار دادگایی ده‌كران و پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌یشی به‌ دامه‌زراوه‌ دادوه‌رییه‌كانی سعودیه‌ سپارد. ئەم بڕیارە دەستبەجێ لەسەر بەرزترین ئاستی سعودیە دەستخۆشی لێکرا و ئامادەیی نیشاندرا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان کە تاکە مەرجی سعودیە بوو. 
 
لە دوای ساڵی 2018ـەوە تورکیا بەهۆی سیاسەتەکانی دەرەوەی، رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی و ئابووریی قورس بووەوە. قەیرانی لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپاش رەنگدانەوەی نەرێنیی باڵی بەسەر ئابوورییەکەی کێشا بەڕاددەیەک لیرەی تورکی نزیکەی 42٪ بەهاکەی لەدەستدا و ئاستی هەڵاوسانی گەیشتە 61.14٪. نوێترین قەیران کە لە دەرگەی تورکیا دەدات، کێشەی وزە و خۆراکە بەهۆی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کە دەرەنجامی خراپی دوورمەودای بەسەر تورکیا دەبێت، بۆیە تورکیا هەموو هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، وڵاتانی کەنداو، ئەوروپا، ئەمریکا و دواجاریش لەگەڵ میسر. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە