پەرلەمانی تورکیا مانەوەی سەربازانی وڵاتەکەی لە لیبیا بۆ 18 مانگی دیکە درێژکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

داواکاریی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی سەربازانی وڵاتەکەی لە لیبیا لە 2-7-2022 تاوەکو 18 مانگی دیکە لە پەرلەماندا پەسندکرا.
 
عەدنان سەزگین، پەرلەمانتاری ئیی پارتی لەبارەی مانەوەی سەربازانی تورکیا لە لیبیا رۆژی سێشەممە 21-6-2022 گوتی، "ئێمە بە مەرجی ئەوەی تورکیا لەوێ رۆڵی نێوەندگیر بگێڕێت و لایەنەکان لە یەکدی نزیک بکاتەوە و زیان بە بەرژەوەندیی گشتیی ئێمە نەگەیەنێت، دەنگی بەڵێ-مان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی سەربازانمان لەوێ دا." 
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئیی پارتی هەروەها باسی لەوە کرد کە دەکرێت تورکیا بوونی سەربازانی لە لیبیا لە بەرامبەر رووسیا وەکو کارتێک بەکاربهێنێت.
 
تولای هاتمئۆغوڵڵاری ئۆروچ، پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی ئەدەنە باسی لە رووداوەکەی دوێنێ دووشەممەی وانی باکووری کوردستان کرد کە ژمارەیەک لە سەربازانی تورکیا بە مەبەستی قۆڵبەستکردنی کەسێک چووبوونە گوندێک و لەوێ تەقەیان کرد. 
 
ئۆروچ بابەتەکەی بە مانەوەی سەربازانی تورکیا لە لیبیاوە گرێدا و گوتی، "ئەوەی لە باشکالێی وان ئەو کێشەیەی بۆ هاووڵاتییانیی کورد دروستکردن، لەو باوەڕەدان ئاشتی بۆ خەڵکی لیبیا مسۆگەر بکات؟ ئێمە باوەڕ ناکەین. هێزێک کە بۆ دەستگیرکردنی کەسێک بە سوپایەکەوە هەڵبکوتێتە سەر ماڵێک و لە ژنان بدات، پێم بڵێن چی بۆ عەرەب و خەڵکی ئەوێ دەبات؟ ئەمە بۆ رای گشتی جێدەهێڵم." 
 
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لەوە دەکەن لە لیبیا بەرژەوەندیی تورکیا لە مەترسیدایە و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی ئەوێ زیان بە تورکیا دەگەیەنن. ئەو گوتی، "تاوەکو ئەمڕۆ یەک هەواڵتان لەبارەی ئەو زیانانە خوێندووەتەوە؟ چییە ئەو زیانەی لە لیبیاوە بە تورکیا دەگات؟ کام هەڕەشەی ئەمنی لە لیبیاوە بۆسەر تورکیا هەیە؟ نەمبینیوە، ئەگەر ئێوە بینیوتانە فەرموون بۆمان باسبکەن تاوەکو لەم لۆژیکە تێبگەین." 
 
تولای هاتمئۆغوڵڵاری ئۆروچ هەروەها رووی دەمی کردە ئاکپارتی و هۆشداریی پێدان لەوەی هەڵەیەکی زۆر لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا هەیە و گوتی: "ئێمە لەم سەکۆیەوە زۆر باسی دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی سووریامان کرد، بەڵام هێشتا ئەم دەسەڵاتە لەو کارەی بەردەوامە. ئەمڕۆ ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەوپەڕی خێراییەوە بەردەوامە. ئێمە دەمانەوێ لەو حەز و ئارەزووەی دەسەڵات بەرامبەر سووریا تێبگەین. بۆچی ئەوەندە تامەزرۆی چوونە سووریا و نیشتەجێبوونە لە عەفرین؟ بۆ هێندە ئارەزووی ئەوە دەکەن خەڵکی ناوچەکە لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەربەدەر بکەن و لە شوێنەکانیاندا داعش و ئۆسۆ [گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە تورکیا هاوکارییان دەکات] لە شوێنەکانیان نیشتەجێ بکەن؟ خۆ هۆکارێکی ئەمە سیاسەتی 'نیۆعوسمانی'ـی ئێوەیە، باشە کە لیبیا کوردی لێ نییە، بەڵام خۆ سووریا لێیەتی. ئەگەر بە کورتی بڵێین، یەکەم؛ ئەمە رێک سیاسەتی 'نیۆعوسمانی' و پەلهاوێشتن و بڵاوبوونەوەیە، دووەم؛ سیاسەتێکە لەسەر بنەمای دوژمنایەتیکردنی کورد دامەزراوە." 
 
محەمەد لەڤەنت بولبول، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە باسی لەوە کرد، تورکیا بەم هەنگاوەی لە سیاسەتی دەرەوەدا بەهێزتر دەبێت کە ئەمە سوودی بۆ ئابووریی وڵات و پەیوەندییەکانیش هەیە و هەنگاوێکە لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیدا.
 
بولبول هەروەها ئەو پەرلەمانتارانەی بە پشتیوانی "تیرۆر" ناوبرد کە لە دژی مانەوەی سەربازانی سوپای تورکیا لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان و لیبیا دەوەستنەوە.
 
هەروەها ئوتکو چاکیڕۆزەر، پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە رایگەیاند، دژی ئەوەیە سەربازانی تورکیا بۆ پاراستنی خاکی وڵاتانی دیکە بەکاربهێندرێن؛ هەروەها گوتی: چۆن دوێنێ نەمانگوت 'بەڵێ' بۆ کوژرانی سەربازانمان لە بیابانەکانی لیبیا، ئەمڕۆش ناڵێین 'بەڵێ'
 
ئەگەرچی جەهەپە و ئیی پارتی لەنێو هاوپەیمانیی میللەتدان، بەڵام دەنگی پێچەوانەیان دا. لە دەنگدان لەبارەی مانەوەی سەربازانی تورکیا لە لیبیا ئاکپارتی، مەهەپە و ئیی پارتی دەنگی "بەڵێ" ، جەهەپە و هەدەپە دەنگی "نەخێر"یان دا.