نوسرەت گۆکچە مزگەوتێک لە گوندەکەی خۆی لە باکووری کوردستان دەکاتەوە

22-06-2017
شەوکەت هەرکی
شەوکەت هەرکی
 نوسرەت خەڵکی گوندی بێردکە لە باکووری کوردستان
نوسرەت خەڵکی گوندی بێردکە لە باکووری کوردستان
نیشانەکردن نوسرەت گۆکچە
A+ A-
رووداو - گوندی بێردک

نوسرەت گۆکچە، بەهۆی شێوازە جیاوازەکەی لەئامادەکردنی گۆشت، یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو، کوردە و خەڵکی باکووری کوردستانە، لە دوایین چالاکیشیدا مزگەوتیکی لە گوندەکەی کردەوە.

نوسرەت گۆکچە، خەڵکی گوندی بێردکە لە باکووری کوردستان، کە حکومەتی تورکیا ناوەکەی گۆڕیوە بۆ گوندی پاشاڵی و سەر بە پارێزگای ئەرزڕۆمە. کەسوکاری نوسرەت هێشتا لە گوندی بێردک دەژین و بە زمانی کوردیش قسە دەکەن.

کیراز، یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "نوسرەت خەڵکی گوندەکەی ئێمەیە، ئەو کوردە و هەموو کەسوکاریشی کوردن".

خەڵکی گوندەکە دەگێڕنەوە، دەڵێن نوسرەت هەتاوەکو تەمەنی گەیشتووەتە دوو ساڵ لەو گوندەی ئەواندا ژیاوە، بەڵام خانەوادەکەی رۆیشتوون.

ئێستاش ئامۆزاکانی نوسرەت لە گوندەکەیاندا ماون. محەممەد گۆکچە ئامۆزای نوسرەتە و دەڵێ "ئەو کوڕی مامی ئێمەیە. هەموومان نوسرەتمان خۆشدەوێت... ئەو ئێستا لە ئیستەنبوڵ دەژی و ئێمە لە گوندین".

نوسرەت گۆکچە جار جارە پاڵپشتیی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە گوندەکەی خۆیدا دەکات، دوایین پرۆژەش دروستکردنی مزگەوتێکە، کە باوکی زۆر شانازی پێوە دەکات.

بەهۆی سەرقاڵبوونی بە کار و چالاکییەکانی، نوسرەت نەیتوانی لە مەراسیمی کردنەوەی مزگەوتەکە (کە مزگەوتێکی بچووکە و شوێنی مانەوە و ئامادەکردنی خواردنیشی تێدایە) ئامادەبێت، بەڵام لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی پێوە کردن و وایکرد باوکی زیاتریش شانازی پێوە بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە