لە ئیستەنبوڵ چوار مامۆستای زانکۆ دادگایی دەکرێن

رووداو- ئیستەنبوڵ
 
 بڕیارە ئەمڕۆ هەینی 22-4-2016  دادگای لێکۆڵینەوەی ئیستەنبوڵ یەکەم دانیشتنی داداگاییکردنی چوار مامۆستای زانکۆ  ئەنجامبدات.

رەسەن رەمزی، پەیامنێری رووداو لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند، ئاماژەی بەوەکرد "دادگاییکردنی ئەو چوار مامۆستایەی زانکۆ، دوای ئەوە دێت لە لەمانگی 1ی ئەمساڵ دوو هەزار مامۆستای زانکۆ لە تورکیا واژۆیان بۆ ئەوە کۆکردەوە کە دەبێت شەڕ و پێکدادان لە باکووری کوردستان بوەستێت و پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکاتەوە. بەڵام دوای ئەوەی ئەو چوار ئەکادیمێیستە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ دەستگیرکران، ئەمڕۆ دادگایی دەکرێن".

رەسەن رەمزی گوتیشی، دوای ئەوەی واژۆکردنی بەیاننامەی 2 هەزار ئەکادیمیستە، کە بووە جێگەی نیگەرانی و رەخنەی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ژمارەیەک لەو ئەکادیمیستانە لە هەڵوێستەکانی خۆیان پاشگەزبوونەوە و هێندێکی دیکەشیان سووربوونی خۆیان لەسەر واژۆکە راگەیاند".

پەیامنێری رووداو دەشڵێت "دادگاییکردنی ئەو چوار ئەکادیمیستە لەلایەن دادگاوە بە تۆمەتی ناوزڕاندنی دەزگاکانی حکومەت و هەروەها پشتیوانی کردنیان بووە بۆ گروپە تیرۆستییەکان، هاوکات دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ئەو چوار ئەکادیمیستە لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و لەنێوخۆی تورکیاش کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە و دەستگیرکردنیان بە  پێشێڵکردنی ئازادی ناودەبردرێت".