وەزیری ناوخۆی تورکیا: لە خۆپێشاندانەکانی شەوی رابردووی ئیستەنبووڵدا 97 کەس دەستبەسەر کران

دوێنێ کاژێر 11:13
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە خۆپێشاندانەکانی شەوی هەینی دژی دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ، 97 کەس دەستبەسەر کران.
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئەو کەسانە بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی دەوڵەت، پێشێلکردنی یاسای خۆپێشاندان و رێگریکردن لە کاری هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراون.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، پۆلیس بە ئارامی و ژیری مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا دەکات، "ئەوانەی هەوڵی تیرۆرکردنی شەقامەکان بە بانگەوازەکانیان دەدەن، بە ئامانجەکانیان ناگەن."
 
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ لە 19ی ئاداری 2025 لە چوارچێوەی دوو لێکۆڵینەوەی جیاواز بە فەرمانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی "گەندەڵی و هاوکاریکردنی پەکەکە"دەستبەسەر کرا.
 
داواکاری گشتی لە هەردوو لێکۆڵینەوەکەدا فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ 105 کەسی دیکە دەرکردووە، تاوەکو ئێستاش 90 کەسیان دەستبەسەر کراون.
 
لەدوای دەستبەسەرکردنەکانەوە، جەهەپە لەبەردەم گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و چەند شارێکی دیکەی تورکیا دەستی بە خۆپێشاندان کردووە.
 
سەرۆکی جەهەپە داوای لە خەڵک کردووە لە هەموو شارەکان بڕژێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەرببڕن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە